ژیان جزیری کۆتایی بە کلیپێکی نوێ هێنا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژ “ژیان جزیری” لەگەڵ ستافێکی پڕۆفیشناڵ لە تۆمارکردنی دەنگ و دابەشکردنی موزیک، کۆتایی بە ڤیدیۆ کلیپی گۆرانییەکی پلنوێ هێنا.

گۆرانیەکە بە ناونیشانی “دل نەشێتن”ـە و هۆنراوە و ئاوازی “ڕێناس ئاکرەیی” و دابەشکردنی “جێگر سەباح” و دەرهێنانی “عادل ئاکرەیی”ـە و دەبێتە نوێترین بەرهەمی ئەو هونەرمەندە لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا، کە بە سپۆنسەری کەناڵی ئاسمانی کوردماکس هاتووەتە بەرهەم.
چیرۆکی ئەو بەرهەمە هونەرییەی،کە ژیان جزیری ناوی ناوە “دل نەشێتن” گێڕانەوەی داستانێکی پڕ لە خۆشەویستییە و ڕەنگدانەوەی زۆری لەسەر عاشقان هەیە و باس لە برینی ئەوینێک دەکات، کە ژیان مەودای بەیەک گەیشتنیان نادات و دەبێت بە برینێک لە ناخدا.
هونەرمەند “ژیان جزیری” وەک دەنگێک لە باکووری کوردستانەوە، تا ئێستا چەندین ئاهەنگی تایبەت بە بۆنە و یادەکانی ئێزدییەکان ساز کردووە، بەتایبەت لە جەژنی ئێزیدییەکاندا وەک هونەرمەندێکی دیار و بەرچاو لە باکوورەوە داوەتی ناوچەی شنگال کراوە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانیان و خاوەن هەوادارێکی زۆرە لە ناوچەکەدا.