شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەند “عەدنان کەریم” لاواندنەوەیەک بۆ هەڵەبجەی زامدار تۆمار دەکات و بەمزووانە بڵاودەکرێتەوە.
“هەڵەبجە” نوێترین بەرهەمی هونەرمەندی ناوبراوە، کە لە شیعری شاعیری گەل “شێرکۆ بێکەس” و ئاوازی شەهرام جەسیمە، یەکێکە لە جوانترین ئەو بەرهەمانەی کە بۆ زامەکانی هەڵەبجە تۆمار کرابێت.
هونەرمەند “عەدنان کەریم” لەمبارەیەوە دەڵێت: لەگەڵ ڕاگەیاندنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئەو شارەی هەموو تەمەنی پڕ بووە لە تراژیدیا و قوربانیی و کارەساتی کیمیاباران، بەرهەمێکی نوێم لەگەڵ موزیسیانی کورد شەهرام جەسیم ئامادە کرد، کە باس لە جوانیی و خۆڕاگری ئەو شارە جوانەی کوردستان دەکات، بڕیاریشە دوای کۆتایی هێنان بە کارە تەکنیکی و هونەرییەکانی لە کەناڵی یوتیبوبی خۆمدا بڵاوی بکەمەوە و دواتر پێشکەشی کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵیە کوردییەکانی بکەم.