شیڤان شێرزاد – هەولێر
فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی ڕۆژنامەوانی لە شاری هەولێر، ساڵانێکە چەندین پێشانگای شێوەکاری و چالاکیی موزیک و سازدانی زنجیرەیەک کۆنسێرتی بۆ هونەرمەندانی کورد و ئەورووپا ئەنجامداوە، هەموو هەفتەیەکیش لەو ناوەندە هونەرییەدا پێشانگایەکی تایبەت دەکرێتەوە، کە هەولێر پڕ دەبێت لە تابلۆی نەخشین، ئەم هەفتەیەش پێشانگای فۆتۆگرافی “سەرساڵ” بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و ئارەزوومەندانی هونەری فۆتۆگرافیی كرایەوە.
پێشانگاکە وێنەی سەرەتای سەدەی بیستەم لەخۆدەگرێت، کە پێشتر نەبینراون، وێنەی دەگمەنی شارۆچکەی ئێزیدییەکان لە عێراق دەخەنەڕوو.
وێنەکان لە ئەرشیفی زانکۆی پێنسیلڤانیا وەرگیراون و بەشێک لە کۆنترین بەڵگەنامەی فۆتۆگرافی ژیانی ئێزیدییەکان نیشان دەدەن.
پرۆژەی “سەرساڵ” هەوڵێکی نێودەوڵەتییە بە سەرۆکایەتی توێژەران، ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، کاردەکەن بۆ پاراستنی ئەرشیفی فۆتۆگرافیی پێکهاتەی ئێزیدییەکان.