هەندرێن بۆ دەبێتە ئەستێرە!

عێزەدین زەکیزادە

لە درامای ئادیابین، لە هەردوو وەرزی یەک و دوو، لە ڕۆڵی ‘جوامێر’ و ‘بارزان’ـیشدا، هەندرێن عەبدولڕەحمان توانیی لە یەکەم ئەزموونی نواندندا لە چەقی ئامانج بدات، ئەوەش نیشانەی ئەرێنیە لە هونەردا.
لە وەرزی یەکەمدا، لەگەڵ ئەوەی کەسایەتی لە جوامێر سەرەکیتر هەبوون و ڕۆڵەکەی خۆیان زۆر جوانیش بەرجەستە کردبوو، بەڵام جوامێر توانیی سەرنجی بینەر بۆ خۆی ببات، ئەوەش بە هۆی قۆناغی تەمەنی جوامێر و ڕۆڵ و کاریگەری لەسەر جوگرافیای دراماکە و هەڵکەوتەی شێوە و توانای بەرجەستەکردنی کەسایەتی جوامێرەوە بوو.
دەزانم دەرهێنەر ژیر و سەرکەوتوو بووە لە هەڵبژاردنی کەسەکە بۆ ڕۆڵەکە، بەڵام پشکی گەورەی ئازاییەکە بۆ ئەو کارەکتەرەیە دەتوانێت مەزەندەی دەرهێنەر بۆ ڕۆڵ وەڕاست بگێڕێت و بینەر و دەرهێنەر و خۆی دڵخۆش بکات.
نازانم لە وەرزی سێیەمی ئادیابین چی ڕوودەدات و هەندرێن لە کاژی بارزاندا بە چ ڕووداوگەلێکدا ڕەت دەبێت و چی دەقەومێت، بەڵام دەزانم لە نواندن و بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکەیدا لە وەرزی دووەم باشتر دەبێت، هەروەک لە ڕۆڵی بارزانی وەرزی دووەم باشتربوو تا ڕۆڵی جوامێری وەرزی یەکەم، لە کاتێکدا ڕۆڵی جوامێریشی پڕ بە کەڤەری خۆی پێشکەش کردووە.
ڕەنگە بڵێی، ئەدی ئەو بۆچوون و مەزەندەکردنە لە پای چی!؟
دەبێ وەرامی ئەو پرسیارە نەکراوە، پێشی بکرێت بدەمەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە ئادیابین دێمە دەرەوە و لە دیوی ژوورەوەی سیاجی خودی هەندرێنەوە شوێن وەرامتان دەخەم.
هەندرێن کاتی ویستی ببێتە بێژەر، لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان دەستی پێکرد، چونکە دەنگی باش بوو و پلانی خۆخۆشەویستکردنیشی گرتە بەر، لە ماوەیەکی کەمدا دەستی لە زۆربەی بێژەرەکانی ئەوێ ستاند و بووە پێشەنگ.
کە ڕووی کردە شاشە و تەلەفزیۆنیش لە هەردوو قۆناغی کارکردنی لە زاگرۆس و (K24)، هەر وای کرد و تێیشیدا سەرکەوتوو بوو.
هەمیشەش کە کارێکی بە ئامانج گرتبێت یەکەمی ویستووە، بۆیە تەنیا هەوڵی بۆ نەداوە بەڵکو خۆی بۆ تەرخان کردووە، خۆبۆتەرخانکردنیش واتا فەرامۆشکردنی شتە لاوەکییەکان و کاتی تەواو دانە پڕۆژەی دڵخواز.
ئەو کاتەی دەنگی هەندرێنمان لە خوێندنەوەی قوڕئانە کوردییەکە بیست و لە ماوەیەکی کەمدا شەپۆلی هەموو ڕادیۆکان و شاشەی تیڤیییەکانی داگرت و کەس نەیتوانی نکۆڵی لە تۆپبوونی کارەکە بکات، هەندرێن ساڵێک زیاتر بوو لە تۆڕی پەیوەندییەکانی پێشتری دابڕابوو، تەنانەت وازی لە کارەکانی پێشووشی هێنا بوو. ئەوەش دیسان خۆتەرخانکردن بوو و لە چەقی ئامانجیشی دا.
لە قۆناغی کۆتایی کارکردنی لە ڕاگەیاندن و پێش درامای ئادیابین، لە (کوردستان 24) شەقاوی باش چووە پێش و پێگەی خۆی زۆر تۆکمە کرد، بەڵام کە وەرزی یەکەمی ئادیابینی تێپەڕاند و هەستی کرد دەتوانێت ئەکت بکاتە ئامانج، دەستبەرداری بەرژەوەندییە نایابە ماددی و مەعنەوییەکانی ناو ڕاگەیاندن بوو، خۆی لە ڕاگەیاندن ستاند و پێشکەشی درامای کرد، بۆیە دەتوانم، بە پشتبەستن بە بینینی ئەو پلانە و ئەو ڕۆڵەی لە وەرزەکانی ڕابردووی ئادیابین بینیویەتی، بڵێم هەندرێن لە پێشەنگی بەولاوە بە هیچی دی ڕازی نابێت، دەشتوانێت.
ئەو لە ڕاگەیاندن دوورکەوتنەوەیەیشی سەنگ و شکۆی پتر دەداتە کارەکتەرێتییەکەی، چونکە نموونەی ئەکتەرمان هەنە بوونەتە پێشکەشکاری بەرنامە و لە ڕاگەیاندن دەرکەوتوون، چرای دیوی درامایان کەمشۆق بووە. دەرکەوتنی زۆر بۆ نواندن پێچەوانەی ئەو پەندەیە “ئەوەی لەبەر چاوانە لەبەر دڵانە”، زێتر “هەنارە شیرینە”ی لێ دەوەشێتەوە.
تایبەتمەندییەکی دی لە کەسایەتی هەندرێندا هەیە، ئەویش بەدەستهێنانی دڵی نادۆستە.
هەر کاتێک هەست بکات کەسێک لەنێو تۆڕی کار و پڕۆژەکە هەیە دەیبوغزێنێ، یاخود نایحوبێنێ، لێی نزیک دەبێتەوە و نیازباشی خۆی پێشکەش دەکات و لەبەرامبەردا هەستی دەستەمۆ دەکات، بەمەش دڵنیاتر دەبێت لەوەی هیچ بەربەستێک لەسەر ڕێی گەییشتن بە ئامانجەکەی نییە.
سەرباری ئەو تایبەتمەندییە ئەرێنییانەی هەیەتی، کۆششکردن و خۆپەروەردەکردنێکی نایابیش لە ڕیشەی خۆیدا هەیە، هەر کات ڕوو بکاتە پڕۆژەیەک کەم تا زۆر خورجێنی خۆی بە زانیاری تایبەتمەند پڕ دەکات، نایەوێت بە دەست و خەیاڵی خاڵیی بچێتە مەیدانی کار.
جگە لە هەموو ئەوانە، مرۆڤێکی بەختدۆستە، کۆدی دەرگاکان ئاسنتر لە کەسانی دی بۆ ئەو دەبنەوە. ئەگەر سەرنجتان بۆ بێهەدادانییەکەی ئاراستە بکەم، ئەو لە هەموو کەس جیاوازترە، خەڵک کە بۆ کارێک و پڕۆژەیەک کۆشش دەکەن و پەلەپرووزێ دەکەن، لە چەقی بڕیاری پڕۆژەکانەوە ڕەتدەکرێنەوە یانیش دوادەخرێن و پێیان دەگوترێت “جارێ سەبر بگرە تۆ تازەکارەی، با کەمێک ئەزموون پەیدا بکەی”، کەچی هەندرێن زووتر و بەتاوتر لەوانی دی داوای دەکات، دەچێتە بن کڵێشەی ناوەندی بڕیار و ڕازی دەکات.
ئەگەر لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەرنجانەوە، بچینەوە پاوانی ئادیابین لە ئاقاری دراما و نواندنی هەندرێن مەزەندە بکەین، دەگەینە ئەو دڵنییاییەی باشتر لەو باشە دڵنشینەی پێشترمان پێشکێش دەکات.
من کەسایەتی ڕاستینەی هەندرێن بناسم، ئاسمانی هونەری کوردی بەشی فڕینی ناکات، هەم تێیڕادەبینم، هەم وا مەزەندە دەکەم دەزگای گەورەی بەرهەمهێنانی فیلم لەودیو سنوورەکانی کوردستان، بۆندی هونەری پێشکێش بکەن.
چونکە ئێستا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلمیش وەک چۆن یانە وەرزشییەکان بەدوای یاریزانی نوێدا دەگەڕێن کە تازە هەڵدەدەن، ئاوا بۆ بیچمی نوێی سینەمایی و توانای ئەکتی تازە دەگەڕێن و بۆندیان پێشکێش دەکەن.
بۆیە لە هەنووکەوە لەپاڵ ئەو ئومێدەمەوە بۆ پیرۆزبایی دەستی دەگوشم.