شیڤان شێرزاد – هەولێر
فیلمی دۆکۆدرامی شەهید “لەیلا قاسم” لە دەرهێنانی هونەرمەندی سینەماکار “ئەمیر تەها”ـیە و باس لە چیرۆکی ژیانی ئەو شەهیدە دەکات، کە یەکەم ئافرەتی ڕامیاری کوردە و لە دژی زوڵم و چەوسانەوەی گەلەکەی دەوەستێتەوە لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە لە سێدارە دەدرێت.
فیلمەکە سەربوردەی ژیانی شەهید لەیلا قاسم لە خانەقین و مەندەلیەوە دەگێڕێتەوه تا دەگات بە پەتی سێدارە و تەنانەت لە دوا چرکەساتەکانی ژیانی ئامادەنیە بەرامبەر بە دوژمنی گەل و نەتەوەکەی بچەمەێتەوە و مردن هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناونیشانی شەهید بکاتە پێش ناوەکەی خۆی و ببێتە یەکەم شەهیدی ئافرەت، کە لە سێدارە درابێت لە پێناو نیشتمانەکەی.
“ئەمیر تەها” دەرهێنەری ئەو فیلمە دۆکۆدرامیە لە بارەی نمایشی فیلمەکەیەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: وەک ڕێزگرتنێک لە ڕوحی شەهیدی تێکۆشەری گەل لەیلا قاسم، کە تاکە ئافرەتی چاونەترس و بوێری بەردەم پەتی سێدارەیە لە جیهان، فیلمێکی دۆکۆدرامیمان لە شاری نۆرنبێرگ نمایشکرد، کە تەواوی ژیانی ئەو شەهیدەی لەخۆوە گرتبوو، پاشان گفتوگۆی چڕ لە بارەی ساڵیادی شەهیدبوونەکەی و چۆنیەتی بەشداری ئەو ئافرەتە لە بواری سیاسی کرا، پاش مانەوەی دوو کاتژمێر لە هۆڵەکەی نۆرنبێرگ کوردانی تاراوگە و بینەرانی بیانی لە هۆڵەکە داوایان کرد، زنجیرەیەک کۆڕ و سیمینار لە بارەی ژیانی ئەو کەسایەتیانە ڕێکبخرێت، تا بتوانن سوود لە مێژووی گەلان وەربگیرێت.