شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە درێژەی کار و چالاکییە هونەرییەکانی بەشی شێوەکاری هەولێر، پێشانگایەکی هاوبەش بە بەشداری دەستەیەک لە هونەرمەندانی کورد و عەرەب بە ئامادەبوونی “ئومێد خۆشناو”، پارێزگاری هەولێر، لە گەلەری میدیای پایتەخت، بە ناونیشانی ئیندیماجی کردەوە، کە 15 هونەرمەندی شێوەکاری دەرەوە و ناوەوەی عێراق تێیدا بەشداربوون.
لە کردنەوەی پیشانگاکە، کە بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکی تر لە هونەرمەندان و هونەردۆستان ئامادەی بوون، دوای بەسەرکردنەوەی، کە کۆمەڵێک کاری هونەریی جۆراوجۆر و مۆدێرنی تێدا نمایشکرابوون و گوزارشتیان لە فرەچەشنی و ئاوێتەبوونی نێوان رێباز و شێوازە هونەرییە جیاوازەکان دەکرد، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیاران و ڕێکخەران و هونەرمەندانی بەشداربووی پیشانگاکە، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن.
جێگەی باسە، تابلۆکان گوزارشتیان لە جوانی سروشت و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان دەکرد، هاوکات بەشێک لەو پێشانگایە تایبەت کراوە بە پۆرترێتی کەسایەتیە جیهانیەکان.