عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی بەتوانا كاوە قادر كە چەند ساڵێكە بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە لە هونەر دابڕاوە، تامەزرۆیە بۆ كاری هونەریی و دەڵێت، غەریبی كاری هونەریی دەكات.
هونەرمەند كاوە قادر، لە 20 ساڵی رابردوودا ساڵانە لە دراماكانی هونەرمەندی كۆچكردوو حسێن میسری، وەك هونەرمەندێكی بەتوانا و كاریگەر دەردەكەوت و توانی هەوادارێكی زۆر بۆ خۆی كۆبكاتەوە، بەڵام چەند ساڵێكە بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە، لە كاری هونەریی دابڕاوە.
كاوە قادر، لەئێستادا تاڕادەیەك دۆخی تەندروستی باشتر بووە و بە (هەولێر)ی راگەیاند “دەمەوێت سوپاسی خەڵكی كوردستان و دەرەوە بكەم كە لەماوەی نەخۆشكەوتنم بە تەلەفۆن و نامەهەواڵیان پرسیوم، ئەوەی هاتمەوە سەر پێ، كاردانەوەی باشی خەڵك بوو، هیوادارم زوو چاك ببمەوە تا بینەری خۆشەویست بە كاری هونەریی ئاشنا بكەمەوە”.
ئەم هونەرمەندە كە بەردەوام لە كاری هونەریدا دەردەكەوێت، ئێستا بیری كاری هونەریی دەكاتەوە و دەڵێت “كاری هونەری بەشێكە لە ژیانم، ماوەی سێ ساڵ و نیوە دابڕاوم، ئەگەر هونەرمەند شتێك لە ناخدا بێت و لێی بێتەوە بە زەحمەت دەچێتەوە سەر كاری شانۆ و ستەیجی دراما، بەڵام من غەریبی كاری هونەریی دەكەم، چوونكە ئێستاش كاتێك بەڕێگەدا دەڕۆم لە هەر شوێنێك خەڵك بمبینێت قسەكانی نێو دراماكانم پێدەڵێنەوە كە ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەكات”.
كاتێك بە كاوە قادر بڵێیت، هونەر چی پێبەخشیت؟ یەكسەر دەڵێت “خۆشەویستی جەماوەر، هیچ لە كاری هونەریش پەشیمان نیم”.