دەیەمین پێشانگای فۆتۆگرافی ڕەوەند جەواد لە ئەڵمانیا کرایەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەند و فۆتۆگرافەری کورد “ڕەوەند جەواد” دەیەمین پێشانگای خۆی لە وڵاتی ئەڵمانیا بە بەشداری هونەرمەند و فۆتۆگرافەرانی ئەو وڵاتە کردەوە، لە پێشانگا هونەرییەکەدا چەندین گرتەی دەگمەنی پەنابارانی کوردی ئێزیدی نمایشکرا، کە بوونەتە قوربانیی دەستی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان و پاشان لە کەمپەکانی نزیک هەولێر نیشتەجێبوون.

لەمبارەیەوە “ڕەوەند جەواد”ـی فۆتۆگرافەر بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ئەم پێشانگا فۆتۆگرافیە دەبێتە دەیەمین پێشانگای فۆتۆگرافی من وەک فۆتۆگرافەرێکی کورد لە تاراوگە و لەژێر دروشمی “لە تاریکی بەرەو ڕوناکی و بە هیوای تاوسی مەلەک” بە هاوکاری ڕێکخراوی یەک ماڵ لە مۆزەخانەی مارتا نمایشکرا و پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، پێشانگاکە ١٦ فۆتۆی لەخۆوە گرتووه و گوزاشت لە ژیانی پەنابەرانی ئێزدی دەکات لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن، هاوکات دوو فۆتۆش، کە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئینستیوتی میدڵ ئیست بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ و سیاسی ئینتەرناسیوناڵ لە واشنتۆن وەرگرت، دواتر لە زۆر جێگای ئەڵمانیا پێشانگام هەبووە، وەک پاریس و لەندەن چەندین جێگای وڵاتی ئەڵمانیاش، خۆشحاڵ بووم بە هەنگاوانەی، کە ڕێکخراوی کورد دروستبوونە و هاوکاری کولتوور و کاری هونەری کوردی دەکەن.
گوتیشی: سەرەتا وەک ڕۆژنامەنووسێکی بواری هونەری کارم دەکرد، دواتر وەک فۆتۆگرافەر و یەکەم دەسپێکی کارەکانیشم دەگەڕێنمەوە بۆ ساڵی ٢٠١١، کە لە ڕێگەی چاوی کامێراکەمەوە چەندین وێنەی سوریالی و دەگمەنم تۆمار کردووە.