لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، کە لە لایەن بەشی پەروەردەی زانکۆی جیهان ڕێکخرابوو، دەستەیەک لە بەهرەمەندان و شارەزا لە بوارەکانی گۆرانیی و میوزیک تێیدا بەشداربوون، لەسەر دەستی پسپۆرانی بواری گۆرانی و میلۆدی کوردی هەڵبژێردران و بوون بە خاوەنی خەڵاتی باشترین دەنگ لە پڕۆگرامی “جیهان ئایدل”.
پڕۆگرامەکە، بریتی بوو لە دەست نیشانی کردنی توانا شاراوەکانی کوڕان و کچانی تازە هەڵکەوتووی ئارەزوومەند بە هونەری ئاواز و گۆرانی کوردی و هەڵبژاردنی چەردەیەک لە میوزیک و گۆرانییە فۆلکۆرییە ڕەسەنە کوردییەکان و گەشتێک بە نێو میلۆدییە ڕەسەنەکاندا، کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندن لە فەرهەنگ و کولتووری کوردی دا، بۆیه بەشی پەروەردەی زانکۆی جیهان بە گرنگییەوە ئەو پڕۆگرامەی ڕێکخست، کە دەتوانێت ئەو قورگە سپی و دەنگە شاراوانە ئاشکرا بکات، کە دەتوانن مشتێک بخەنە سەر خەروارێک لە نێو هونەری کوردی دا و نەوەیەکی هونەردۆست پێشکەش بە کوردستان بکات.
لە کۆتایی ڕێورەسمەکەشدا براوەی خەڵاتەکانی باشترین دەنگ بەخشرایە،
“مەلیس ئەحمەد”، کە لە کەرکوکەوە بەشداربوو بە پلەی یەکەم و خۆشترین دەنگ دەستنیشان کرا و لە دوای ئەویشدا “شانیا کیفاح”، کە لە دهۆکەوە بەشداری کردبوو، خەڵاتی دووەمی بەدەستهێنا و “بڵند رێکان” بە پلەی سێیەم دیاری کرا، کە لە هەولێری پایتەختەوە بەشداری لە پڕۆگرامی جیهان ئایدل کردبوو.