شۆڕش غەفووری – هەولێر
(2-2)
سەفەر
فەرمانم كرد، ئەسپەکەم لە تەویلە بێنن بۆم.
خزمەتکارەکە لە قسەکەم تێنەگەیشت.
خۆم چوومە تەویلەکە، ئەسپەکەم زین کرد و سواری بووم.
لە دوورەوە گوێم لە دەنگی شەیپوڕێک بوو. لێم پرسی ئەوە چییە؟ نە هیچی دەزانی و نە هیچیشی بیستبوو.
لەبەردەم دەروازەکە ڕایگرتم و لێی پرسیم: “گەورەم، بۆ کوێ دەچیت؟”
گوتم: “نازانم، بۆ شوێنێک دوورتر لێرە، دوور دوور، هەرچی دوورتر. تەنها ئاوا دەتوانم بگەمە شوێنی مەبەست.”
پرسی: “کەوایە ئامانجی خۆت دەزانیت؟”
وەڵامم دایەوە: “بەڵێ، هەمان ئەوەی کە گوتم: دوور لێرە، ئامانجی من ئەمەیە.”
گوتی: “خۆ تفاقیشت پێ نییە.”
گوتم: “پێویستم بە تفاق نییە. گەشتەکە هێندە درێژە کە ئەگەر لە نێوەڕاستی ڕێگەشدا شتێک نەدۆزمەوە، لە برسان دەمرم. هیچ ئازووقە و تفاقێك ڕزگارم ناکات. بەڕاستی ئەمە گەشتێکی سەیرە.”
بێدەنگی سیرنەكان
* ڕوونکردنەوە:
لە ئەفسانەکانی یۆناندا، سیرنەکان سێ پەریی دەریایین کە سەریان “ژن”ـە و لەشیان “باڵندە”. لە دوورگەیەکدا دەژیان هەمووی بە شاخ و بەردی بەرز و مەترسیدار دەورە درابوو. ئەم سیرنانە، بە گۆرانییە سیحراوی و دڵڕفێنەكانیان کەشتیوانەکانیان بەرەو دوورگەکە ڕادەکێشا. كە پاپۆڕەكانیان دەگەیشتنە دوورگەكە، بەر شاخ و بەردەكان دەكەوتن و تێك دەشکان. ئۆدیسیۆس یان [ئۆلیس] بۆ ئەوەی نەكەوێتە داوەكەیانەوە، خۆی بە دینگە گەورەكەی باكێشەكانی کەشتییەکەیەوە بەستەوە، و گوێچكەی هاوسەفەرەكانیشی داخست، بەم شێوەیە بە سەلامەتی لێیان ڕزگار بوو. (دائیرەتولمەعارف)
ئۆلیس” بۆ پاراستنی خۆی لە سیرنەکان، مۆمی قاڵاندە نێو گوێچكەکانیەوە و وای کرد کە بە دینگەی باگیرەكانی کەشتییەکەیەوە بیبەستنەوە. ئێ خۆ سروشتییە کە هەموو گەشتیارانی بەر لە ئەو دەیانتوانی هەمان کار بکەن، جگە لەوانەی کە سیرنەکان كە لە دوورەوە فریویان دەدان؛ بەڵام هەموو دونیا دەیزانی وەها شتێک هیچ سوودێکی نەبوو.
گۆرانی سیرنەکان دەیتوانی هەموو شتێک ببڕێت و پێیدا تێپەڕێت، تەنانەت حەز و خواستی ئەوانەی کە فریویان دەخوارد، دەیتوانی زنجیر و پەتی زۆر لەوە ئەستوورتر و بەهێزتر ببڕێت، بەڵام ئۆلیس بیری لێ نەکردەوە، هەرچەندە لەبارەشیەوە بیستبێتی. ئەو بەتەواوی پشتی بە مشتێک مۆم و چەند زنجیرێک بەست، و لە شادمانییە بێگەردەکەی، لە فێڵە سادەکەی، ڕووی كردە سیرنەکان.
بەڵام سیرنەکان چەکێکی کوشندەتریان لە گۆرانی هەبوو، ئەویش بێدەنگییان بوو. هەرچەندە بەڕاستی شتی وا هەرگیز ڕووی نەداوە. دەکرێت بێنینە بەرچاو کە کەسێک لە گۆرانیچڕینیان هەڵاتبێت؛ بەڵام لە بێدەنگبوونیان هەرگیز. بەرامبەر هەستی سەرکەوتن بەسەریان و ئەو هەیەجانەی لێیەوە بەرهەڤ دەبوو، هیچ هێزێکی زەوینی توانای بەرگەگرتنی نەبوو.
کاتێک ئۆلیس لێیان نزیک بووەوە، گۆرانیچڕە بەهێزەکان گۆرانییان نەوت، ئیتر نازانرێ، لەبەر ئەوە بوو كە هەستیان كرد ئەم دوژمنە تەنها بە بێدەنگییەكەیان دەكرێت ببەزێنرێت یان لەبەر ئەوەی کە دەركەوتنی بەختەوەریی سەر ڕووخساری ئۆلیس، کە جگە لە مۆم و زنجیرەکەی، بیری لە هیچ شتێکی تر نەدەکردەوە، گۆرانیچڕینی لەبیر بردنەوە.
بەڵام ئۆلیس، وەک بڵەی هەست بە بێدەنگییەکەیان ناكات؛ وایدانا گۆرانی دەچڕن، بەڵام ئەو دەنگیان نابیستێت. بۆ ساتێک، گەرووی بینین بەرز و نێوی دەبووەوە، سینگیان تەپەی دەهات و چاوەکانیان فرمێسکی تێوەزابوو، لێوەکانیان نیوەواڵا بوون، بەڵام هەستی كرد ئەمانە هەمووی بەشێكن لەو ئاوازانەی کە نەبیستراو دەوروبەرییەكانی دەكوشت.
زۆری نەبرد، ئەو هەروا كە دوور دەیڕوانی، هەموو ئەم شتانەی لە بەرچاوی ون بوون. سیرنەکان بەڕاستی لەبەردەم ئیرادەیدا ون بوون، و هەر ئەو ساتەی کە زۆر لێی نزیک بوون، نەمان.
بەڵام ئەوان، دڵڕفێنتر لە هەمیشە، گەردنیان درێژ دەکرد و دەسوڕانەوە، قژە کەفاوییەکانیان بە با دەسپارد و ئازادانە چنگیان لە بەردەکان دەخشاند. چیتر نەیاندەویست فریو بدەن؛ تەنها دەیانویست تا ئەوکاتەی ئەو تیشک و ڕووناكییەی لە چاوە گەورەکانی ئۆلیسەوە دەدرەوشایەوە، ببینن و تەماشای بكەن.
ئەگەر سیرنەکان هۆشیار بوونایە، هەر لەوێ لەنێودەچوون، بەڵام بە حاڵی خۆیان مانەوە؛ تەنها شتێک کە ڕوویدا، ئەوە بوو ئۆلیس لە دەستیان ڕزگاری بوو.
هاوڕێیەتی
ئێمە پێنج هاوڕێین. ڕۆژێکیان یەک لە دوای یەک لە ماڵێك هاتینە دەرەوە. یەکەمیان هات و لەتەنیشت دەرگاکە وەستا، پاشان دووەمیان هات، یان باشترە بڵێم: وەک گوللەیەكی بچووکی جیوە بەنێو دەرگاكە خزی و لە تەنیشت یەکەمەوە وەستا. دواتر سێیەمیان هات، پاشان چوارەم، پاشان پێنجەم. دواجار هەر پێنجمان لە یەک ڕیزدا وەستاین. ڕێبوارەکان دەیانبینین، بە پەنجە ئاماژەیان بۆ دەکردین و دەیانگوت: “ئەو پێنج کەسە هەر ئێستا لە ماڵەکە هاتنە دەرەوە”.
لەوە بەدواوە، ئێمە هەر پێنج پێکەوە دەژیاین؛ ژیانێکی ئاراممان دەبوو ئەگەر شەشەمین كەس نەیویستبا خۆی تێكەڵمان بكات. هیچ ئازارێکی پێ نەدەگەیاندین، بەڵام لە دەستی تووڕە دەبووین. هەر ئەمەش تەواو ئازاردەر بوو.
بۆچی بەبێ ئاگاداری دێتە لامان؟ نایناسین و نامانەوێت پەیوەندیمان پێوە بکات. هەڵبەتە سەردەمێك ئێمە پێنج کەس یەکتریمان نەدەناسی؛ و دەکرێت بگوترێت هێشتا یەکتر ناناسین، بەڵام ئەوەی ئێستا دەکرێت و ئەوەی لە نێوان ئەو پێنجەماندا بەرگەی دەگرین، بە بوونی شەشەمین كەس ناکرێت و بەرگە ناگیردرێت.
بێگومان، ئێمە پێنج کەس، نامانەوێت شەش کەس بین. هەر بەڕاست چ واتایەکی هەیە کە هەمیشە پێکەوە بین؟ بۆ ئێمە پێنج کەسەش بێمانایە، بەڵام لێرەین و پێکەوە دەمێنینەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز تێكەڵبوونی نوێمان ناوێت، ڕێك لەبەر ئەزموونی ژیانی هاوبەشمان، بەڵام چۆن دەکرێت ئەمە لە شەشەم كەس بگەیێنین؟
ڕوونکردنەوەی پێویست، ئەوەیە ڕێگە بدەین شەشەمیش بێتە نێومانەوە. کەواتە پێمان باشترە ڕوونکردنەوە نەدەین و ڕێگەی پێ نەدەین. هەرچی دەوێت با لێی بڵێت، بە ئانیشک لە دەوی دەدەینەوە. بەڵام هەرچەندی دوور دەخەینەوە، دیسان دەگەڕێتەوە.
لەبەردەم یاسادا
لەبەردەم دەرگای یاسا، پاسەوانێک قیت وەستابوو. پیاوێکی لادێیی هات و ویستی بچێتە نێو یاسا، بەڵام پاسەوانەكە گوتی: ئێستا ناتوانم ڕێگەت بدەم بچیتە ژوورەوە.
پیاوە لە فكران ڕۆچوو و پرسی: ئایا دەکرێت دواتر بچمە ژوورەوە؟
پاسەوانەكە گوتی: دەکرێت، بەڵام ئێستا نا.
پاسەوان بە بەردەم دەرگاکە کە هەمیشە لەسەر پشت بوو، تێپەڕی. پیاوە لادێییەكەش خۆی خوار كردەوە تا ژوورەوە ببینێت. پاسەوان بەمەی زانی، پێکەنی و گوتی: ئەگەر سەرەڕای پاسەوانیكردنی من، ئێرە هێندە ڕاتدەکێشێت، هەوڵ بدە تێپەڕیت. بەڵام بیرت نەچێت من بەتوانام، بەڵام دواپاسەوان نیم. لەبەردەم هەر ژوورێکدا پاسەوانێکی بەتواناتر لە من هەیە، تەنانەت من ناتوانم بەرگەی بینینی سێیەم پاسەوانی دوای خۆشم بگرم.
پیاوە لادێییەکە چاوەڕوانی وەها کێشەیەك نەبوو؛ ئاخۆ مەگەر یاسا نابێ بۆ هەموو کەس و بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەبەردەست بێت؟ بەڵام ئێستا کە لە نزیکەوە تەماشای کرد و پاسەوانەكەی لە نێو لەبادێكی پەشمی بە لووتێكی تیژ و ڕیشێكی تەتەریی درێژ و لاواز و ڕەش بینی، پێی باشتر بوو چاوەڕێ بێت تا مۆڵەتی چوونەژوورەوەی پێ بدرێت.
پاسەوانەكە، کورسییەکی دایێ و کەمێک دوورتر لە دەرگاکە داینیشاند. ئەو پیاوە دێهاتییە، چەندین ڕۆژ و ساڵ لەوێ چاوەڕێ بوو. هەوڵی زۆری دا تا ڕێگەی بدەن بچێتە ژوورەوە و پاسەوانەكەی بە پاڕانەوە و داواکارییەکانی ماندوو و بێزار کرد. جاروبار پاسەوان پرسیاری کورتی لە پیاوە دێهاتییەکە دەکرد. لەسەر خاک و وڵاتەکەی و زۆر بابەتی تر پرسیاری لێ دەكرد، بەڵام ئەم پرسیارانە لە ڕووی بێباکییەوە بوون، لەو پرسیارانە دەچوون كە دەرەبەگ و ئاغاكان لە بندەستەکانی خۆیان دەیانپرسی، بەڵام دواجار دووپاتی دەکردەوە هێشتا ناتوانێت ڕێگەی پێ بدات بچێتە ژوورەوە.
ئەو پیاوەی کە بە هەموو پێداویستییەکانی سەفەرەوە هاتبوو، هەموو شتێكی بە هەر نرخێک بووبێت بەكار هێنا تا پاسەوانەكە ڕازی بكات. ڕاستە کە هەمووی وەرگرت، بەڵام دەشیگوت: من تەنها بۆیە قبوڵی دەكەم، تا دڵنیا بیت لەوەی هیچ شتێكت لەبیر نەکردووە.
چەندین ساڵی یەك لە دوای یەك، ئەو پیاوە تەماشای پاسەوانەكەی دەکرد. پاسەوانەکانی تری لەبیر کرد. لە ڕوانگەی ئەوەوە پاسەوانی یەکەم تاکە بەربەست بوو. لە ساڵانی سەرەتا و بە دەنگی بەرز و بێباکانە نزا و نەفرەتی لە بەختی ڕەشی خۆی دەکرد. دواتر کە پیرتر بوو، تەنها لەژێر لێوەكانییەوە بۆڵەبۆڵی دەكرد.
دواجار لە باری منداڵی كەوت، لەبەر ئەوەی چەندین ساڵ بوو پاسەوانەكەی بە وردی خوێندبووەوە و تەنانەت ئەسپێكانی جلە پەشمییەكەشی دەناسی. داوای لە ئەسپێكانی دەکرد یارمەتی بدەن و ڕەفتاری خراپی پاسەوانەكە بگۆڕن، دواجار چاوی كز بوو، بە جۆرێک کە لە ڕاستیدا نەیدەزانی دەوروبەری تاریک بووە یان چاوەکانی فریوی دەدەن، بەڵام ئێستا لە تاریکیدا، بڵێسەیەکی بەشکۆی دەبینی کە هەمیشە لە دەرگای یاساوە دەزێتە دەرێ.
نها، لە تەمەنی ئەو شتێكی وانەمابووەوە. پێش مردن، هەموو ئەو تاقیکردنەوانەی كە لەم هەموو ساڵانە لە مێشکیدا کۆببوونەوە، گۆڕابوون بۆ یەک پرسیار کە تا ئێستا لە پاسەوانەكەی نەکردبوو. ئاماژەی بۆ کرد، چونکە بەو جەستە لەڕ و لاواز و وشکەوبووەی چیتر نەیدەتوانی لە جێی خۆی هەستێتەوە. پاسەوانی دەرگای یاسا ناچار بوو خۆی نێوی بکاتەوە، چونکە جیاوازی بەژنیان تەواو بە زیانی پیاوە لادێییەکە گۆڕابوو.
لە پاسەوانەكەی پرسی: ئەگەر هەر کەسێک خوازیاری یاسا بێت، چۆن لەماوەی ئەم هەموو ساڵە کەسێکی تر جگە لە من داوای چوونەژوورەوەی نەکردووە؟
پاسەوانی دەرگاکە هەستی کرد ئەم پیاوە لە سەرەمەرگدایە، بۆ ئەوەی پەردەی ئەستووری گوێی باشتر وەریبگرێت، بە گوێیدا نەڕاندی: لێرەوە هیچ کەسێکی دیكە جگە لە تۆ نەیدەتوانی بچێتە ژوورەوە، چونکە ئەم دەرگای چوونەژوورەوەیەیان بۆ تۆ دروست کردبوو. ئێستا من دەڕۆم و دەرگاکە دادەخەم.
سەرچاوە: dastanshenas.ir