هونەرمەند مهاباد جەمال، گڵجۆشێكی تایبەتی بۆ مەولەوی شاعیر دروستكرد

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی شێوەكار مهاباد جەمال، لە نوێترین پڕۆژەی هونەریدا گڵجۆشێكی بۆ شاعیری گەورەی كورد مەولەوی دروستكردووە كە 10 پارچە هۆنراوەی مەولەوی تێدا نووسراوەتەوە.

پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی و بەئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەك لە هونەرمەندان، سێیەم پڕۆژەی هونەریی هونەرمەند مهاباد جەمال نمایشكرا كە گڵجۆشێكە بۆ شاعیری گەورە مەولەوی.
هبزونەرمەند مهاباد جەمال سەبارەت بەو پڕۆژە نوێیەی بە (هەولێر)ی راگەیاند، پێشتر دوو گڵجۆشم بۆ هەردوو شاعیر گۆران و قانع كردووە، ئەمجارەش پێم باشبوو بۆ شاعیری گەورە مەولەوی بكەم، ئەم گڵجۆشە بەرزییەكەی چوار مەتر و نیو و پانییەكەی دوو مەترە و لە گڵی سووری گەرمیان دروستكراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، لەم گڵجۆشەدا 10 پارچە هۆنراوەی شاعیر مەولەوی تێدا نووسراوەتەوە و گڵجۆشەكەش بە خشتی سلێمانی كراوە، چوونكە دەمەوێت یادگاری كوچە و كۆڵانەكانی شار لە كارەكەدا رەنگ بداتەوە، خشتی تێدایە تەمەنی 70 ساڵە، ئەوەش كاری هونەرمەندەكەیە كە بە دوای ئەو پێداویستیانەدا بگەڕێت كە بۆ كارەكەی گرنگە.
مهاباد جەمال وتی “لەبەرئەوەی پەیامەكەم خزمەتكردنە بە كلتوور و رۆشنبیری كوردی، بە ستایڵی خۆم دەمەوێت پەیامەكەم بگەیەنم، چوونكە ئەگەر هونەر وبابەتێكی مێژوویی ئەرشیف نەكات، پێموایە هێشتا كەموكوڕی هەیە كە دەبێت تەواو بكرێت”.