مۆنۆدرامایەکی کوردی لە قرتاج خەڵاتی ئاڵتونی بردەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

مۆنۆدرامای “نوکتەچی” دوای بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی جۆراوجۆر لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپادا، ئەمجارەیان بەشداری لە فێستیڤاڵی قرتاجدا کرد و توانی خەڵاتێکی ئاڵتونی لە بەشی ڕەخنەگران بباتەوە و ببێتە باشترین بەرهەمی بەشداربوو لە فێستیڤاڵەکەدا.

مۆنۆدرامای نوکتەچی لە دەرهێنان هونەرمەندی دەرهێنەر “مەریوان زەنگەنە”ـیە و تا ئێستاش بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە و بووەتە خاوەنی خەڵاتە جۆراوجۆرەکانی وەک باشترین دەرهێنان و سینۆگرافیا و ئەکتەر، لەم فێستیڤاڵی قرتاجیشدا وەک یەکەم بەرهەمی کوردی بەشداریکردوو بووە خاوەنی خەڵاتی باشترین بەرهەم لە بەشی ڕەخنەگرانی شانۆیی عەرەبی.
ئەمەش دەستکەوتێکی نوێ بوو بۆ سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک و هونەرمەندانی ئەو شاره، کە لە ماوەی ڕابردوودا بە بەرهەمی سەلما و پێشکەشکردنی چەند کارێکی شانۆیی توانیوویانە زۆرترین خەڵات لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکانی قاهیرە و تونس و ئوردن و جەزائیر ببەنەوه و ئێستاش ئامادەکاری دەکەن بۆ سازدانی نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی کەرکوک بۆ شانۆی سەر شەقام، که بە سەرپەرشتی هونەرمەند نەژاد نەجم بەڕێوە دەچێت.