ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
میوە دانای تەمەن ١٥ ساڵان، پۆلی نۆیەمە لە قوتابخانە بنەڕەتییە کچانەکەی گەل لە شاری سلێمانیدا.
ماوەی دوو ساڵە خولیای كاری هونەرەییە و وێنە دەكێشێت. بە وتەی كەسوکار و مامۆستاکانی میوە خان، وێڕای ئەو بەهرە تایبەتەی لە كاری وێنەكێشاندا، لە وانەكانیشی یەكێكە لە خوێندكارە زیرەك و گوێڕایەڵەكانی خوێندنگاكە.
میوە، ئاماژە بە كارەكانی دەكات و دەڵێ حەزم لە زۆر پیشە هەیە لەناو ئەوانەش كاری وێنەكێشان، ئەوەی زیاتر دڵمی خۆش كردووە ئەوەیە، من وێنەكان لەسەر ئەو تابلۆیانە دەكێشمەوە كە پێشتر بەكار هاتوون، واتە لە بری ئەوەی بیخەنە ناو تەنەكەی خۆڵەوە و بكرێتە پاشماوە و ژینگە پیس بكات، من دێم جارێكی تر بۆیەی دەكەمەوە و وێنەی تری لەسەر دەكێشمەوە، ئەوانەی دەیبینن هەموویان دووبارە بەكارم هێناونەتەوە واتە دەكرێ بڵێین، ڕیسایكڵم كردووە و فڕێم نەداون، کەچی لە زۆر شوێنی تر كاتێ وێنەیەكی لەسەر دەكێشرێت دواتر فڕێ دەدرێت و دەبێتە پاشماوە، بەڵام من بە هاوكاریی مامۆستای هونەرم ئەو كارە دەکەم.
ئەو هونەرمەندە بەهرەمەندە دەڵێت ئەگەر هەموو كەسێك لە ئاستی خۆی هەست بە بەرپرسیارێتی ژینگەیی بكات و پاشماوە بۆ كاری تر بەكار بهێنێتەوە ئەوا پاشماوە کەم دەبێت و ژینگەكەشمان ڕزگاری دەبێت لەو گرفتانە. سەبارەت بە حەز و ئاواتی بۆ داهاتوو میوەخان وتی: “زۆر كار هەیە بیری لێ دەكەمەوە بەڵام لە هەمووی گرنگتر تەواوكردنی قۆناغی دوانزەیە. دەمەوێ زانكۆش تەواو بكەم، بەڵام مەرج نیە بچمە ئەو بەشەی كە ئێستا كاری تێدا دەكەم واتە كۆلێژی هونەر، دەمەوێ پیشەیەكی تریش بەدەست بهێنم لە ڕووی زانستییەوە ئەو كات دەتوانم كارە هونەرییەكانیشم هەر بکەم.” بە وتەی مامۆستا ئاڤان عەلی بەڕێوەبەری قوتابخانەی گەل میوەخان یەكێكە لە قوتابییە بەهرەمەندەكان هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین، بەڵام نەیشاردەوە كە لە ئێستاوە بیر لەوە دەكەنەوە كە ساڵێكی تر جێیان دەهێڵێت و دەچێتە قۆناغێكی تر، سەرەڕای ئەوەش بەڵێنی هاوكاریی بەردەوامی پێ دەدەین.
مەعرووف مەجید بەرپرسی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لەم بارەیەوە دەڵێت قوتابخانەی کچانەی گەل، لە پێناو نەوەیەكی ژینگەدۆست بە هەماهەنگی ڕێكخراوەكەیان، سیستەمێکی تایبەت پەیڕەو دەكەن، كە زۆرینەی قوتابییەكانیان دەبەئاوی پلاستیك بەكار ناهێنن و جێگرەوەی بوتڵی دۆستی ژینگە بەكار دەهێنن، هەروەها لەبری خواردنی ناو كیس و لەقوتووکراو، هانی قوتابییەكانیان داوە میوە یا میوەی وشكەوەکرا بەكار بهێنن، بەڕێوەبەر و مامۆستایان، ساردكەرەوەی تایبەتیان داناوە هەتا قوتابیان پێویستیان بە هێنان و کڕینی ئاوی دەبە نەبێت. هەروەها گرووپێكی هەفتانەی ژینگەیییان دروست كردووە بۆ چاودێریکردنی ژینگەی قوتابخانەكەیان. سەرەڕای ئەم كارانە، باخچەیەكی جوان و تایبەتیان هەیە، لەناو باخچەكەشدا ماڵی مەل و باڵندە دروست كراوە بۆ باڵندەكان، لەلایەن بەشە پیشەییەکەی قوتابخانەكەیشەوە لەبری كیسی نایلۆن، كیسی خام دروست دەكرێ وەكو هەنگاوێكی ژینگەدۆستی.
یەكێك لەو كارانەی كە پێویستە لە ناوەندەكانی خوێندن و ناوەندە زانستیە و ئەكادیمییەكاندا گرنگیی پێ بدەن، هونەر لە خزمەتی ژینگەیە، بەو پێیەی كە پاشماوەی كاغەز و پلاستیك زۆرە و، دەكرێ مامۆستایانی هونەر لە بابەتی هونەری جارێكی تر هاوشێوەی میوەخان بۆ كاری شێوەكاری و كاری دەستی بەكاری بهێننەوە.