لە یەكەم فیستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆبایل 25 فیلم نمایشكران

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

لە شاری سلێمانی بۆ یەكەمجار فیستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆبایل بەڕێوەچوو كە تیایدا 25 فیلم نمایشكران و درێژترین ماوەی فیلمەكانیش كەمتر لە 15 خوولەك بوون.

بەشی هونەری سینەمای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری سلێمانی، بەهاوكاری ڤیم فاوندەیشن، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، لە سیتی سینەما لە شاری سلێمانی، یەكەم فیستیڤاڵی فیلمی كوردییان بەشێوەی مۆبایل نمایشكرد كە لەو دوو رۆژی 25 فیلم نمایشكران، كە ئەوەش یەكەم ئەزموون بوو بۆ بەرهەمهێنانی فیلم بە مۆبایل.
رۆژی یەكەم
: ئەم فیلمانە نمایشكران (باوەشی ماسی، شینی كاڵ، تەنیا لە كۆتاییدا تێدەگەین، تامار، بە كاتی ژیان، قولانجێك، رێنیسانسی بیر و هۆش، مانلی، تینوێتی لە بێدەنگیدا، ئەودیوی پەنجەرەكە، هەنگاوە نەزانراوەكان، فیلم، the hungry wolf).
هەروەها رۆژی دووەمیش: ئەم فیلمانەش نمایشكران (سیگناڵ نییە، داهاتوو، دەنگەكانی مێشكم، خوا ئەزانێت، گۆڕ، درك، وردەواڵە، فیلمێكی درێژی كورت، دواهەمین هەنگاو، فەرشی سور، time note، his cry).
كاوان عەزیز، وتەبێژی یەكەم فیستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆبایل بە (هەولێر)ی راگەیاند، بیرۆكەی ئەم فیستیڤاڵە لەو رێگەیەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەم سەردەمە لەڕووی ئابوورییەوە هەر كەسێك بیەوێت فیلم دروست بكات تێچوویەكی زۆری دەوێت، بەڵام لەم فیسیتڤاڵەدا شانسیان دایە ئەو ئارەزوومەندانەی دەیانەوێت فیلم دروست بكەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، بۆ فیستیڤاڵەكە 100 فیلم هات و لە نێویاندا 25 فیلم هەڵبژێردرا ئەوەیش لەبەر ماوەی دوو رۆژە كە بوو کە، مەرجەكەش ئەوە بوو ماوەی فیلمەكان لە 1 خوولەك تا 15 خوولەك بێت، رەنگە ماوەی 15 خوولەك زۆر بووبێت، بەڵام ئەوەش وەك چانسێك بوو بۆ بەشداربووان، ئەوەندەی هەستیش پێكرا ئەم پڕۆسەیە سەركەوتوو بوو، توانیمان توانا و بەهرەی چەندین كەسی نوێ ببینن.
خەولە مەجید كە وەكوو ئەكتەر لە یەكێك لە فیلمەكاندا بەشداربووە ئاماژەی بەوەدا، كە هەستێكی زۆر خۆشی هەیە كاتێك توانیویەتی بۆ یەكەمجار لە فیلمدا بەشداری بكات بەتایبەتیش كە لەڕێگەی مۆبایلەوە بەرهەم هێنراوە و وتی “مۆبایل لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆدا دەگوونجێت و كارئاسانی باش بۆ بەرهەمهێنانی فیلم دەكات”.
میترا خەسرەو كە ئەكتەرێكی دیكەی یەكێك لە فیلمەكان بوو باسی لەوەكرد كە خۆی پێشتر، لە چەند كارێكی هونەری دیكەدا بەشداربووە و زۆر خۆشحاڵیشە كە لەم فیستیڤاڵەدا توانیویەتی بەشدار بێت، وەك ئەو دەڵێت، لەنێوان كامێرا یان مۆبایل بۆ وێنەگرتن جیاوازی نییە، ئەم فیستیڤاڵەش هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ بەرەو پێشبردنی هونەری فیلم و دراما.