شیڤان شێرزاد – هەولێر
بڕیارە لە ڕۆژانی ٥ و ٦ـی ئایاری ٢٠٢٥، سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆبایل لە پایتەختی ڕۆشنبیری بە چاودێری بەرپرسان و هونەرمەند و ئەدیب و ڕەخنەگرانی بواری فیلمسازی لە کاتژمێر ٦ـی ئێوارە بەڕێوە بچێت و ماوەی دوو ڕۆژیش فیلمەکان لە ستی سینەمای سلێمانی نمایش بکرێن.
فێستیڤاڵەکە سێیەمین خولیەتی و بە بەشداری بەرهەمەکانی چوار پارچەی کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئێرانی ساز دەکرێت و زنجیرەیەک پانێل و سیمیناریش لە بارەی پێشکەوتنی بواری فیلمسازیی و داهێنانی هونەرمەندانی سینەماکارەوە پێشکەش دەکرێت.
هونەرمەند “دیدار عومەر” لە بارەی سازدانی ئەو فێستیڤاڵە و کارکردنی هونەرمەندان بۆ بەرهەم هێنانی فیلم دەڵێت: بەرهەمهێنەری فیلم دەتوانێت بە کەمترین کەرەستەی پڕۆداکشت درێژترین فیلم بەرهەم بهێنێت و ببێتە یەکێک لە شاکارە جوانەکانی نێو سینەمای کوردی، هەروەها “نیاز نوری” نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی سلێمانی، لە بارەی فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت: ئەو جۆرە فێستیڤاڵە ئایدیایەکی تایبەتی هەیە بۆ پێشکەوتنی هونەری فیلمسازی لە هەرێمی کوردستان و گەیشتن بە خەون نێودەوڵەتی بوونی هونەری بەرهەم هێنانی فیلم لە کوردستان، کە ئێستا پێی ناوەتە نێو قۆناغێکی نوێ و چەندین بەرهەمی پێشکەوتوو لە ئاستی جیهانی نمایش دەکرێن و بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانی کیشوەری ئەوروپا و ئەمریکا و جیهان بە گشتی دەکەن و دەبنه خاوەنی خەڵاتی جۆراوجۆری وەک باشترین فیلم و دەرهێنان و وێنەگرتن، جگە لە هەڵبژاردنی چەندین سیناریۆی جوان، کە دەتوانێت سەرنجی گەلانی دنیا بە لای فیلمی کوردی ڕابکێشێت، ئەم فێستیڤاڵەش ئایدیا و تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ پێشکەوتنی هونەری حەوتەم هەیە و دەیەوێت دەستپێشخەری بکات لە نیشاندانی بەهرەی ئارەزوومەندانی بواری فیلمسازی و نمایشکردنی ئەو فیلمانەی بە کەمترین گوژمە بەرهەم هێنراون.