عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانبێژی بە ئەزموون (ماهیر ئەمین) لە نوێترین كاری هونەری خۆیدا گۆرانییەك بۆ شارۆچكەی شەقڵاوەی خۆشەویست تۆمار و كلیپ دەكات.
هونەرمەند ماهیر ئەمین لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند، ئەو بەرهەمە تێكستی (سەرباز مەجید خۆشناو)ـە، ئاوازی (ئازاد خۆشناو)ـە، موزیكی هونەرمەند (هێمن حسێن)ـە، كاری دەنگ لە ستۆدیۆ (ستایل ستۆدیۆ) لەلایەن (دیار دلاوەر)ـە، كاری میكس و ماسترینگ هونەرمەند (هۆگر عەزیز) ئەنجامدراوە.
ماهیر ئەمین، ئاماژەی بەوەشكرد، سیناریۆی گۆرانییەكە هەر لە قەزای شەقڵاوە جێبەجێكراوە و لەلایەن ناوەندی هونەری زەنێ كاری بەرهەمهێنانی بۆ كراوە، كاری سیناریۆ و دەرهێنانی ئاودێر عومەرە و بەڕێوەبەری وێنەگرتن بڕیار فەتاحە و، كاری وێنەگرتنی لەلایەن (ڕامیار سەڵاح) ئەنجامدراوە، كاری مۆنتاژی (میركۆ مەریوان) جێ بەجێی كردووە، لەئایندەیەكی نزیكدا لە مەراسیمێكی شایستەدا هەر لە قەزای شەقڵاوە بڵاودەكرێتەوە.
هونەرمەند ماهیر ئەمین لە بارەی بەرهەمێكی دیكەی هونەری خۆی وتی “گۆرانییەكی تازەم ئامادەیە هۆنراوەی قوبادی جەلیزادەیە و ئاوازی خۆمە و هەمان گۆرانیش لە ئایندەیەكی نزیكدا كاری وێنەگرتنی بۆ دەكرێت”.
سەبارەت بە بەردەوامدانی بە كاری لایڤ موزیك وتی “بێگومان لە لایڤ موزیك بەردەوامم، چونكە لە ئێستادا تاكە سەرچاوە و پاڵپشتی ماددی و هەروەها برەودان بە كاری گۆرانی وتن و مەشق وەرگرتنم بۆ گۆرانی وتن، لایڤ موزیك دەكەم”.
جێگەی ئاماژە بۆ كردنە، هونەرمەند (ماهیر ئەمین) ساڵی ڕابردوو گۆرانیەكی بۆ شارۆچكەی ڕواندوز تۆمار و كلیپ كرد.