عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
وا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ئەمساڵدا یەكەمین فیستیڤاڵی فیلمی زارێ لە شاری سلێمانی بەڕێوە بچێت و لەئێستاشەوە ئامادەكارییەكان راگەیەنران.
رێكخراوی زارێ، رێكخراوێكی ناحكومییە و ئامانجیان پاڵپشتیکردن لە گەنج و داهێنەرانە لە بواری هونەریدا، بۆ ئەو مەبەستەش ناوەڕاستی تەمووزی ئەمساڵ یەكەمین خولی فیستیڤاڵی فیلم ساز دەكەن.
ستافی فیستیڤاڵی زارێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری فیستیڤاڵەكەیان خستە ڕوو، ئیڤان فەیسەڵ، بەڕێوەبەری رێكخراوی زارێ رایگەیاند، فیستیڤاڵەكەیان لە رۆژی 15 تا 20ـی تەموزی ئەمساڵ دەبێت و مەبەستیشیان گرنگیدان و پەرەپێدانی كاری هونەرییە و هیواداریشن زۆرترین هونەرمەند و بەهرەمەند تێیدا بەشدار بن.
هەروەها هونەرمەند خەیبەر رەفیق، وتەبێژی فیستیڤاڵەكە روونی كردەوە، لە ساڵانی رابردوودا ئەو فیلمانەی كراون رەخنەیەكی زۆر لەسەر سیناریۆ هەبووە، بۆیە لە ئێستاوە داوا لەو كەسانە دەكەن كە توانای نووسینی سیناریۆیان هەیە بتوانن بەشداری بكەن و، چیرۆكەكانیان تاوتوێ بكرێت؛ لە فیستیڤاڵەکەدا چەند وركشۆپێكیش دەکرێت.
بە پێی وتەی رێكخەرانی فیستیڤاڵەكە، پێویستە تەمەنی ئەو كەسانەی كارە هونەرییەكەیان پێشكەشی فیستیڤاڵ دەكەن تەمەنیان لە نێوان 18 تا 25 ساڵ بێت و دانیشتووی هەرێمی كوردستان بن، بۆ یەكەم جاریش بێت بیرۆكەكەیان پێشكەش بكەن.