شیڤان شێرزاد – هەولێر
گرووپی موزیکی “ڕەزبەر” لە دەستەیەک لە کوڕان و کچانی ڕەحیماوە و ڕزگاری کەرکووک پێکهاتووە، تا ئێستاش بەشداریان لە چەندین چالاکیی هونەریدا کردووە و توانیووییانە چەند بەرهەمێکی نوێ پێشکەش بکەن، ئێستا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی موزیک و گۆرانی دەکەن بۆ تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە، کە ئێستا ڕێژەی تووشبوون بەو نەخۆشیە سەختە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە عێراق بەرزبووەتەوە و هۆکارەکەش بۆ خراپی ژینگە ناوچەکە دەگەڕێندرێتەوە.
کۆنسێرتە هونەرییەکە بە پشتیوانی سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکووک و بە دروشمی “هونەر نەتەوەکان کۆدەکاتەوە” بڕیارە لە ٢/٥/٢٠٢٥ لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە کۆنسێرتەکە بەڕێوە بچێت و ئامادەبووانی ئەو کۆنسێرتە وەک هاوکارییەک بۆ تووشبووانی ئەو نەخۆشیە سەختە دەتوانن بە کڕینی بلیتێک لە ناوەندی دیالۆگ بەشداربن لەم کۆنسێرتە مرۆڤدۆستیەدا.