وێڕای کۆستی لە دەستدانی کوڕە تاقانەکەی سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر نمایشە شانۆییەکان بەردەوامن

شیڤان شێرزاد – هەولێر

دوای گیان لەدەستدانی “هێمن هیوا سوعاد”، کە دەکاتە کوڕە گەورەی سەرۆکی هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ، شانۆگەرییەکان لە پایتەخت بەردەوامن و لەگەڵ دەستپێکی نمایشێکی نوێ لە فێستیڤاڵەکە، ساتێک بۆ ڕوحی شەهیدان و “هێمن”ـی جوانەمەرگ.

پاشان دەستکرا بە سێیەم نمایشی فێستیڤاڵەکە، کە بە ناونیشانی “قەڵای دم دم” بوو، لە دەرهێنانی “ڕەجەب ئایجن” و بە زمانی تورکی پێشکەش کرا، کە باسی لە داستانێکی مێژوویی دەکرد، لەم قەڵایە بوو بە شوێنی جەنگاوەران و دواتریش ئامادەبووانی هۆڵی شانۆیان جێنەهێشت و ئامادەیی بینینی شانۆگەری “پەڕ” بوون، کە لە نووسین و دەرهێنانی “مەحمود ڕەسایلی” بوو، کە چەند گرفتێکی کۆمەڵایەتی لەخۆوە گرتبوو، هەر کارەکتەرێک ئەشکەنجە و ئازارەکانی خۆی بە جوڵەی شانۆیی دەگێڕایەوە.
شانۆگەری پەڕ، دەقێکی فارسی بوو، لە پێشووتردا لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نمایشکراوە و یەکەم گەشتی شانۆیشی بۆ وڵاتان هێنایە هەولێر و بڕیاریشه لە داهاتوودا بەشداری لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی نێودەوڵەتیدا بکات.