هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ دەستى بە کارەکانى کرد

شیڤان شێرزاد – هەولێر

دوای ساڵانێک لە وەستانی جموجۆڵە شانۆییەکان لە هەولێر، دوێنێ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی بواری شانۆ و ئەستێرە بە ناوبانگی سینەما و هونەرمەندانی عەرەب، کورد و عێراقی و بیانی و لە هۆڵی ڕۆشنبیریی هەولێرى پایتەخت، خولی هەشتەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ بە بەشدارى 10 گرووپی شانۆ لە وڵاتانی (تونس، لیبیا، میسر، ئێران، تورکیا و شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق) دەستى پێکرد، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێرەوە ڕێکخراوە.

لە ڕێورەسمی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، وێڕای بەخێرهێنانی میوانانی فیستیڤاڵ و بەشداربووانی، دەستخۆشی لە ڕێکخەران و سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا ئەوڕۆ دڵخۆشین دوای چەندساڵێک بەهۆی گرفتی دارایی دووبارە لە هەولێری پایتەخت فیستیڤاڵی شانۆ دەست پێدەکاتەوە، ئومێدیشی خواست ئەم فیستیڤاڵە ببێتە هۆ و هۆکاری بەرەوپێشچوونی زیاتری هونەر لە کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی و زێتر ئاشناکردنی هونەرمەندانی ناوخۆ و وڵاتانی دیکە بەیەکەوە.
پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستەسەر 103 ساڵەی مێژوویی شانۆی شاری هەولێر و بە شانازیی و گرنگیەوە باسی لەو مێژووە پڕ سەروەرییە کرد و جەحتی لەوەشکردەوە لەگەڵ ئەو بارودۆخە داراییەی هەبووە بەڵام هەمیشە لەهەولێر پاڵپشت و هاوکار و هەماهەنگی هونەرمەندان بووینە.
جێگەى باسە، فیستیڤاڵەکە بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت، رۆژانە له‌ دوو كاتی جیاواز دوو شانۆگەرى نمایش دەکرێت و لەلایەن لیژنەیەکی شارەزاوە هەڵسەنگاندن بۆ شانۆگەریی گروپەکان دەکرێت، جگە لە نمایشکردن و هەڵسەنگاندنی شانۆکان، کۆمەڵێک چالاکیی دیکەش وەکو بەڕێوەچوونی سیمینار و دانیشتنی رەخنەیی لە فیستیڤاڵەکەدا رێکدەخرێن.