هونەرمەند عەدنان كەریم جارێكی دیكە لەگەڵ كامكاران دەردەكەوێتەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی بەتوانا و بە ئەزموونی كورد (عەدنان كەریم) ئەمساڵ بە گڕ و تینێكی باشتری هونەرییەوە دێتەوە بواری هونەریی، ئەویش بە بڵاوكردنەوەی دوو ئەلبوومی گۆرانی، یەکێکیان لەگەڵ گرووپی میوزیکی (کامکاران)ـە، ئەوەی دیکەش بە شێواز و میوزیکی دیکە دەبێت، هەروەها سازكردنی زنجیرە كۆنسێرتێك لە كوردستان و، چەند وڵاتێکی ئەوروپا دەبێت.

هونەرمەند (عەدنان كەریم) لە لێدوانێكی ـدا رایگەیاندووە، ئەلبومێكی نوێی لەگەڵ گرووپی (كامكاران) ئامادەیە كە 11 گۆرانی لەخۆگرتووە و هۆنراوەی زۆربەی شاعیرە كلاسیكییەكانی كۆكردۆتەوە، یان لە گۆرانییەكدا دوو شاعیری كوردی كلاسیكی تێدایە بۆ نموونە (مەحوی و وەفایی)، یان (حەمدی و وەفایی)، هەروەها هۆنراوەی ئەحمەد موختار جافیشی تێدایە، ئاوازەكانیش نوێن، هەروەها ئەلبوومێكی دیكەشی ئامادەیە.
هونەرمەند عەدنان كەریم هەر لەو لێدوانەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە داهاتوویەكی نزیكدا چەند كۆنسێرتێك لە شارەكانی سلێمانی و كەركووك ساز دەكات، هەروەها مانگی ئایاری داهاتووشـدا لە چەند شارێكی ئەوروپا كۆنسێرت دەكات.
جێی ئاماژەیە هونەرمەندی ناوداری کوردستان (عەدنان كەریم) جگە لەو ئەلبوومە تازەیەی، دوو ئەلبوومی دیکەی لە ساڵەکانی 2006 ـو 2010 لەگەڵ گرووپی موزیكی (كامكاران) بڵاوكردۆتەوە، دەنگدانەوەیەكی زۆر جوانی لە نێو هونەردۆستان و هەوادارانی بەدوای خۆیدا هێنا، جگە لەوەش چەند كۆنسێرتێكی جەماوەریی لەگەڵ گرووپی كامكاران سازكردووە.