ئەم قەتماغەت با پیرۆز بێ شاری شەهیدان

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق بەرنامەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە خرایە دەنگدانەوە، شۆڤێنییەكان، كە زادەی هەمان ئەو شۆڤێنییانەی پێش خۆیانن، كە هەڵەبجەیان كیمیاباران كرد، كەچی یەكدەنگی و رژدبوونی كورد لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، چۆكی پێ دادان و گرەوەكەمان بردەوە.
ئەمە شتێكی زۆر نییە بۆ شاری هەڵەبجەی هونەر و ئەدەب و شیعر و جوانی و شاری بەناهەق خنكێنراوی هەڵەبجە، بەڵكوو تەنیا ساڕێژی برینێكە، تەنیا قەتماغەی زامێكی قووڵە و هێشتا هەزاران برین و زام، بێ قەتماغە و بێ ساڕێژ ماونەتەوە و رۆژێک هەر دەبێ دابێ، سەربەخۆیی یەكجاریی كوردستان ئەو برینانە ساڕێژ بكات.. تا ئەو رۆژە، ئەم دەسكەوتەی ئەمڕۆ و ئەم ساڕێژی برینێك لە جەستەت پیرۆز بێ ئەی شارەكەی گۆران و تاهیر بەگ، ئەی ناسنامەی مەزڵوومیەتی گەلی كورد، ئەی هەڵەبجەی شەهید!
فەرهەنگ غەفوور