لە سلێمانی فیلمێک بۆ ژینگەی کوردستان نمایش دەکرێت

بە مەبەستی گرنگیدان بە ڕۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستان له شاری سلێمانی فیلمێك سەبارەت به ژینگه بەرهەم هێنرا و بڕیارە لە ڕۆژی ژینگەدا فیلمەکە بە بەشداری ژینگەپارێزانی کوردستان نمایش بکرێت.

“ڕێبوار محەمەد” دەرهێنەری فیلمەکە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: وەک نەریتێكی كار و چالاكی گرووپی هونەری خێزان له بۆنه و ڕۆژه جیهانییەكان، فیلمی مرۆڤ و ژینگەمان بەرهەم هێنا بۆ ڕۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستان، كه له ساڵی ٢٠٠٨ پەرلەمانی كوردستان، ڕۆژی ٤/١٦ـی هەموو ساڵێكی بۆ ئەو ڕۆژە دیاری كرد، فیلمی مرۆڤ و ژینگه سیناریۆ دەرهێنانی بەندەیە و كامێرا و مۆنتاژی له لایەن باوەڕ ڕەفیق بۆ ئەنجام دراوە نزیكی ٢٠ ئەکتەر لەگەڵ دەستەیەک ژینگەپارێز بەشداری كردووە، كاری وێنەگرتنی لە ناو شاری سلێمانی و شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ و قەرەداخ بۆ ئەنجام دراوە ماوەی فیلمەکە ٢٧ خولەكە، ناوەڕۆکەکەی باس له بێ ویژدانی مرۆڤ بەرامبەر ژینگه و فڕێدانی خۆڵ و خاشاك و بێ گوێدان به بەهای مرۆڤایەتی و شارستانێتی و نەخۆش كەوتنی هاو نیشتمانیان و هەست به بەرپرسیارێتی بەرامبەر خەڵك و خوای گەورەش باس له پاك و خاوێنی دەكات، كه دەفەرموێت پاك و خاوێنی له باوەڕەوەیە، هەروەها باس له بڕینی داری دارستانەكان و سووتاندنیان بۆ یەكەی نیشتەجێبوون و باڵەخانە و کۆمپانیا ئەهلیەکان و لێدانی ٢٢ هەزار بیری ئاو، كه بووەتە هۆی كاریگەریی وشكه ساڵییەوە و پیسكردنی شوێنی گەشت و گوزار و سەیرانگاکان و فڕێدانی خۆڵ و خاشاك بەهۆی گەشتیارانەوە وڕژاندنی نەوت و گاز لە چوار دەوری مۆلیدە ئەهلیەكان، كه لە دوای باران بارین تێكەڵ به ئاوی ژێر زەوی دەبێت و كاریگەریی یاریە ئاگرینەكانی سەری ساڵ و دووكەڵی ئۆتۆمبیل و سپلێت و زۆر شتی تر هەن بۆ پیسبوونی ژینگە بەداخەوە.
شایەنی باسه ئەم فیلمه به هاوكاری مەكتەبی ڕێكخراوە دیموكراتیەكان NGO كان بەرهەم هاتووە ئامانج له فیلمەكه گەیاندنی پەیام و هوشیاری كۆمەڵگایە پێیان دەڵێین: ئەگەر خاك و نیشتیمانەکەت خۆشدەوێت دەبێت ژینگەی شارەکەت بپارێزێت و هەمیشه پاراستنی ژینگه بكەین به كولتوور.
شیڤان شێرزاد – هەولێر