گەزیزە و سەوسەن مۆسیقای سووریان پێشکەشی ڕۆژاوا کرد

حەوتەمین فێستیڤاڵی هونەری “شەهید یەکتا هەرکول” بە بەشداری شانۆکارانی چوارپارچەی کوردستان و چەندین بەرهەمی شانۆیی بەڕێوە چوو، هەریەک لە “گەزیزە عومەر و سەوسەن عومەر و نەوژین محەمەد”یش بە فەرمی داوەتی ئەو چالاکییە هونەرییە بوون و مۆنۆدرامای “مۆسیقای سوور”یان پێشکەش بە ڕۆژاوا کرد. “سەوسەن عومەر” لە ئاخاوتنێکدا ڕایدەگەیەنێت: بە خۆشحاڵیەوە لەگەڵ هونەرمەندان “گەزیزە عومەر و نەوژین محەمەد”، بانگهێشت کراین بۆ حەوتەمین فێستیڤاڵی “شەهید یەکتا هەرکول بۆ شانۆ” لە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەم فێستیڤاڵە لە ژێر ناونیشانی نیشتمانپارێزی راستەقینە هونەرمەندی ئازایە، کارەکانی لەسەر تەختی شانۆی ناوەندی محەمەد شێخۆ نمایش کرا.
گوتیشی: ئێمەش بە مۆنۆدرامای (مۆسیقای سوور) لە یەکەم رۆژ و دەسپێکی فێستیڤاڵەکە بەشدار بووین، ئەوەی بۆ ئێمەش شانازی بوو ئەو پێشوازییە گەرم و پڕ رێزەی رێکخەران و هونەرمەند و رۆشبیران و هاونیشتمانیانی رۆژئاوا بوو، کە هەرگیز لەیاد ناکرێت.
جۆش و خرۆش و دڵسۆزی و نیشتمانپەروەریی تەواوی خوشک و برا ئازاکانمان لەم دەڤەرە تەواو دڵخۆش و سەربەرزی کردین.
سوپاسی “یەکێتیی ژنانی کوردستان و رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) و رێکخراوی راگەیاندن و رووناکبیریی ژنان” دەکەین بۆ هاوکاری و پاڵپشتی لێمان.
شیڤان شێرزاد – هەولێر