برینی من، نوێترین بەرهەمی هونەرمەند دیاری قەرەداغی بڵاو كرایەوە

هونەرمەند دیاری قەرەداغی، نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی (برینی من) بڵاو كردەوە و دەڵێت، برینی من، برینی مرۆڤی كوردە لە ئەوساوە تا ئێستا.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە مەراسیمێكی هونەریدا لە شاری سلێمانی، هونەرمەندی توانا و بەئەزموون دیاری قەرەداغی، نوێترین بەرهەمی بە ناوی (برینی من) بڵاو كردەوە، ئەم بەرهەمە لە تێكستی هیوا قادر، ئاوازی هونەرمەند دیاری قەرەداغی خۆیەتی و موزیكی ئەفشین شوكری ئامادەی كردووە، دیاری قەرەداغی لەم دیدارەدا باسی ناوەرۆكی بەرهەمەكەی دەكات.
هەولێر: برینی من، برینی كێیە؟
دیاری قەرەداغی: برینی من، برینی تۆیشە، برینی مرۆڤی كوردە لە مێژەوە تا ئێستا، گوریسێكی دوورودرێژە بە داخەوە، ئینجا برینی كوردبوونمان، برینی زمانەكەمانە كە دەشێوێنرێت، هەندێجار برینی ئەو ئەو ئاكارەیە كە لە ناوچە جیاوازەكانی ترەوە بەرمان دەكەوێت، برینێكی فكری و ئەنتۆلۆژییە، برینێكی هەروا ئاسان نیییە و برینێكە مێژووی هەیە.
هەولێر: ئەم گۆرانییەت زۆر تایبەت بوو، هەر لەسەر ئەم ستایڵە بەردەوام دەبیت؟
دیاری قەرەداغی: كاتێك هونەرمەند هەر كارێكی هونەری دەكات دەبێت درك بەوە بكات كەوا چی پێویست دەكات بۆ تێكست بۆ شێوەی ئەو ئاوازەی كە دانراوە، ئەم گۆرانییە شێوازێكە دەنگ و رۆح و خوێن و برینی منە، بەڵام بە شێوازێكە رەنگە جیاواز بێت لە شێوازەكانی دیكە، هەر كارێكی دیكە رەنگە پێویستیی شیعری، پێویستیی ئاواز، ئەوە دروست بكات.
هەولێر: هۆكاری چییە بەشێكی زۆری بەرهەمەكانت زۆر دەمێننەوە؟
دیاری قەرەداغی: ئێمە كوڕی رۆژگارێك بووین نە فەیسبووك و سۆشیاڵ‌میدیا هەبوو، نە میدیاش بەم زۆرییە هەبوو، تەنها حەز هەبوو، ئیمكانیەتیش زۆر كەم بوو، ژیانكردنیش وەك پێویست نەبوو، بۆیە ناچار بووین پشت ئەستوربووین بە رۆح، ئەمە بەرهەمی خوێندەواری و گەڕان و ماندووبوونە، گۆرانی ئاسان نییە بەو شێوەیەی كە ئێمە دنیابینینمان بۆی هەیە، گۆرانی هیلاكت دەكات بۆ ئەوەی بگەڕێیت بە شوێن جوانتریندا، كە جوانترینت لێ كردەوە هیلاكیت نامێنێت، ئینجا دەزانیت ئەمە پێشكەش دەكەیت، هەروەها گرنگە هونەرمەند ئەوەەندە خۆپەرست نەبێت كە خۆی خۆشتر بوێت لە بەرهەمەكە، بۆیە گرنگە هونەرمەند بەرهەمەكەی خۆشتر بوێت، جگە لەوەش هیچ كاتێك هونەرم نەكردۆتە بازاڕێك بۆ گیرفان‌پڕكردن، هەستم كردووە پێویستییەكی رۆحی خۆمە و پێویستییەكی ئەم میللەت و ئەم خاكەیە.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر