فیلمی بەرازیلیە شینەکە لە هەولێر هەرای نایەوە ” هەولێر ” ئامادەی نمایشێکی ئەو فیلمە بوو

فیلمی بەرازیلیە شینەکە، دوا وێستگەی کار و بەرهەمە سینەماییەکانی هونەرمەندی دەرهێنەر “محەمەد شێروانی” و سیناریۆی “داروین وەیس” و وێنەگرتنی “هاوکار فەرهاد”ـە.

چیرۆکی ئەو بەرهەمە سینەماییەش باس لە کەسایەتیەک دەکات لە ماوەی ١٠ ساڵدا بووەتە پاڵەوانێکی سەرسەخت لە داکۆکیکردن لە مافی خەڵک و لە هەمان کاتیشدا ڕێگرێک بۆ بژێوی ژیان بۆ خۆی و دار و دۆستەکەی.
ئەو فیلمە لە نواندنی “فیراس ئیدریس و حەمە ڤاینەر” و چەندین ئەکتەری دیکەیە.
ئێستا پێی ناوەتە سێیەمین هەفتە لە نمایشەکانی، بەڵام تووشی چەندین هەڕەشەی توند و سکاڵای یاسایی بووەتە لە لایەن بنەماڵەی “تەعۆ بەستە پیازە” گوایە، کوڕەکەیان هەوڵدراوە لەو بەرهەمە سینەماییەدا هەوڵ دراوە “تەعۆ”ی کۆچکردوو، وەک چەتەیەک لەو فیلمەدا بە نەوەی ئەمڕۆ ئاشنا بکەن و چەند دیمەنێکیش نیشان بدەن، کە زیادەڕۆییە لەسەر ئەو گەنجە یاخییەی هەولێر، کە ڕازی نەبووە بە حوکمڕانی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٥، کە ژیانی سپاردووە.
هەولێر ئامادەی نمایشی فیلمە سینەماییەکە بوو
فیلمی “بەرازیلیە شینەکە” سەربوردەی کەسایەتیەکی هەولێره، لەمبارەیەوە “حەمەسوار عەزیز” ڕەخنەگری بواری شانۆ و سینەمایی بۆ “هەولێر” دەڵێت:
لە ئێستای سینەمای کوردیدا، بوونی ھەر فیلمێکی سینەمایی کاریگەری و بایەخی خۆی ھەیە لە پڕۆسەی دروستکردنی پێشەسازی سینەما لە کوردستاندا، بەردەوامبوون لە دروستکردنی فیلم و پیادەکردی ژانرو سەبکی جیاواز لەو بوارەدا، موژدەبەخشی دواڕۆژێکی باشتری سینەمای کوردییە، بەتایبەت کاتێ ئەو فیلمانە دەتوانن لەڕووی جەماوەرییەوە پێگەو جێگەیان ھەبێت و بەشێکی تێچووی فیلمەکە لە ڕێگەی نمایشکردنییەوە لە سینەماکان بگەڕێتەوە، ئەم پڕۆسەیە تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە سینەمایەکی بەھێز کە توانای ئەوەی ھەبێت پشت بە بینەر ببەستێت و لەڕێگەی سەپۆرتی بینەر گەشە بکات، ئەمە وادەکات فیلمساز زیاتر گرنگی بە خواستەکانی بینەر بدات و لەنێو ڕووبەرو سێکتەرو جومگە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی خۆییدا کار بکات و سینەمایەک دروست بکات کە توانای ئەوەی ھەبێت ببێت بە بەشێک لە ئاریشە و کێشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و لێیان دوور نەکەوێتەوە.
گوتیشی: فیلمی سینەمایی (بەرازیلییە شینەکە) تازەترین فیلمی کوردییە کە توانیویەتی سەرنجی بینەری کورد ببات و ببێتە سەرچاوەی چەندین ھەواڵی میدیایی و کێشمەکێش و ڕای جیاواز لەنێو کۆمەڵگەی کوردی دروست بکات، ھەر کارێکی ھونەریش کە توانی کۆمەڵگە بێنێتە قسە و ڕای جیاواز دروست بکات و لێکدانەوەی جیاواز ھەڵبگرێت، شایستەی ئەوەیە ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت و وەکو ڕووداوێکی گرنگ لە کاروانی سینەمای کوردی مامەڵەی لەگەل بکرێت و بە فیلمێکی سەرکەوتوو ناوزەد بکرێت، چونکە بەشێک لە وەزیفەی ھونەر ئەوەیە کە ئەم جۆرە دیالۆگ و بەرکەوتنە بەدوای خۆییدا دروست بکات و کۆمەڵگا ناچار بکات کە دیدگای جیاواز بەرھەم بێنێت و وەک بەرھەمێکی داخراو نەبێتە دیلی تاکمانایی و گوتاری ڕاستەوخۆ.
ئەم فیلمە لەڕووی سیناریۆ و ژانری گێڕانەوەدا، دەکەوێتە نێو ڕووبەری فیلمی سەربردە، ئەو جۆرە فیلمانەی کە کارەکتەرێکی مێژوویی دیاریکراو دەبێتە میحوەری گێڕانەوەو ھەموو ڕووداوەکانی فیلم تایبەت دەکرێن بە وێناکردنی قۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردنی کارەکتەری سەرەکی، ھەر لە منداڵییەوە تا سەردەمی گەنجی و تا دەگاتە قۆناغی پیری و سەرەنجام مردنی کارەکتەرەکە، ئەم جۆرە فیلمەش پلوتی تایبەت بە خۆی ھەیەو مەرج نییە چیڕۆکێکی گرنگ بگێڕیتەوە یا لیڤڵێکی بەرزی دراما دروست بکات، بە قەد ئەوەی کارەکتەرەکە خۆی گرنگەو سەربردەی کارەکتەرەکە دەبێتە ئامانجی سەرەکی ئەو گێڕانەوەیە، لە زۆرینەی کاتیشدا ستراکچەری کارەکتەرەکان جیاوازە لەگەل فیلمی ئاسایی کە پشت بە بەریەککەوتنی پاڵەوان و نەیار دەبەستێت و لە ڕێگەی ئەو بەرکەوتنەش ڕووداو دەچێتە پێشەوەو ململانێکان گەشە دەکەن، لەمجۆرە فیلمە مەرج نییە پاڵەوان و نەیار ھەبێت بۆ دروستکردنی ڕووداو، ڕەنگە تەنھا بوونی پاڵەوان خۆی لەنێو فیلمەکە ڕووداوێکی گرنگ و دراما بێت، مەبەستی سەرەکی فیلم کارکردنە لەنێو فەزای پاڵەوان و وێناکردن و نیشاندانەوەی وەک خۆی لەنێو سەردەمەکەی و پاڵەوانیش ڕووداوەکان لەگەل خۆی دەبات و مەرجیش نییە ئەو ڕووداوانە گەشە بکەن و درامای تەقلیدی دروست بکەن و ململانێیەکی درامی لەنێو فیلم گەشە پێ بدەن، بە قەد ئەوەی پابەند دەبن بەو ڕووداوانەی کە بەر پاڵەوان دەکەون و پاڵەوان وەک کارەکتەری پیرۆز مامەڵەی لەگەل دەکرێت و فیلم تەنھا بایەخ بەو ڕووداوانە دەدات کە پاڵەوان دروستیدەکات نەوەکو ئەوانەی لە ھەمان زەمەن بەڵام لە دەرەوەی ئامادەیی پاڵەوان ڕوودەدەن، بۆیە زۆر جار دووبارەبوونەوە دەبێتە فۆرمی گێڕانەوەو ڕەنگە ڕووداوەکان بە ئاسۆیی گەشە بکەن و لەگەل سەربردەی پاڵەوان ڕێ بکەن.
فیلمی بەرازیلییە شینەکە یەکێکە لەو فیلمانەی کە پشتی بە سەربردەی پاڵەوان بەستووەو نەیارێک نییە کە بتوانێت لیڤڵی ململانێکان بەرز بکاتەوەو پلوتی ڕووداوەکان بباتە پێشەوە، لەوەش زیاتر سینارێست (داروین وەیس) ھەوڵی داوە (بەرازیلییە شینەکە) وەک سیمبولێک لەناو کارەکە بکاتە پاڵەوانی تەریب (موازی) لەنێو ڕووداوەکان و ستراکچەر و بونیادی پاڵەوانی سەرەکی و وێناکردنی قۆناغە مێژووییەکە بە بوونی ئەو بەرازیلییە شینە ببەستێتەوە، بۆ وروژاندنی زاکیرەی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا بەرامبەر ئەو مەسج و ئاماژانەی کە لە ڕێگەی تەوزیفکردنی سەیارەی (بەرازیلی_بەتایبەت بەرازیلی سوور یا شین) بە بینەر دەگات و کار لەنێو نۆستالژیای بینەر دەکات، چونکە بوونی ئەو سەیارەیە وەک نۆستالژیا گرێدراوی کۆمەڵێک ڕووداوی دیاریکراوی نێو ئەو مێژووەو ھەڵگری کۆمەڵێک ئاماژەی ئەرێنی و نەرێنییەو بەشێکی گرنگی یادەوەری گشتی خەڵکە، گرنگی ئەو سیناریۆیە لەوەدایە کە بەشێوەیەکی ئاسان و سادە کار لەنێو زاکیرەی گشتی کۆمەڵگا دەکات و بینەر دەباتەوە نێو قۆناغێکی گرنگ کە تیاییدا شیوازو ستایل و بیرکردنەوەکان بەتەواوی جیاواز بوون لەگەل رۆژگاری ئەمڕۆمانداو دەتوانێت سەرنجی بینەر ڕابکێشێت بۆ ئەو قۆناغەی کە ژیان پڕ بووە لە مەترسی و سەرکێشی و ڕەوشی ئابووری توانیویەتی زۆر ڕووکاری قێزەوەن بەسەر کۆمەڵگا بسەپێنێت و سروشتی مرۆڤەکان بگۆرێت، لە گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێش و نزیک لە واقیعی و لەسیاقی سەربردەی ئەو ماوە مێژووییە بخاتە بەردەم بینەر و بە مێژووی نزیکی خۆی ئاشنای بکاتەوە، ئەوەی کە دڵنیاشت دەکاتەوە کە ئەو سیناریۆیە لەسەر ژانری (سەربردە _ السیرە) ئیشی کردووە ئەوەیە کە سینارێست بۆ موتابەقەکردنی ئەو مێژووەو داڕشتنەوەی وەک چۆن کە ھەبووە، پەناوی بۆ کۆمەڵێک کارەکتەری تایبەتی ئەو سەردەمەو ھەندێ ڕووداوی ڕاستەقینە بردووە، ڕاستە بینەر بە ڕاستەخۆ بەر ناوی کارەکتەرەکان ناکەوێت، بەڵام زۆر بە ئاسانی لەڕووی فۆرم و ئاکارەکانەوە کارەکتەرەکان دەناسێتەوە لەنێو فیلمەکە، بۆ نمونە کارەکتەری ھەردوو گۆرانبێژی میللی ھەولێر (فەرھاد زیرەک و نوری گەرمیانی)، بە دەنگ و ڕەنگ کاریان لەسەر کراوەو بینەر بە ئاسانی دەیاناسێتەوە، ئەمە جگە لە شوناسی پاڵەوانی فیلمەکە ئاماژەی ڕوونن بۆ کەسایەتییە راستەقینەکانی ئەو سەردەمە.
کێشەی ئەو سیناریۆیە لەوەدایە ھەوڵی نەداوە ڕووداوی درامی خۆی ھەبێت و لەنێو ھەندێ ڕووداو کە وەک (حەقیقەت و ڕووداوی مێژوویی کاری تێکردوون) قەتیس ماوە، بۆیە بەشێکی زۆری ڕووداوەکانی ئەو فیلمە بەر دووبارە بوونەوەو جوینەوە دەکەون، بۆ نمونە لە زۆرینەی دیمەنەکانی نێو چایخانەو مەیخانەو بازاڕەکان بە شەڕ و بەریەککەوتن تەواو دەبن و فیلمەکە لە ڕووی گەشەی درامییەوە تووشی کێشە دەکەن، تەنانەت ئەو چیڕۆکە ڕۆمانسیانەش کە بە تایبەتمەندی ئەو سەردەمەو ئەو تاقمەو دەستەوە بۆ فیلمەکە زیاد کراون، ناتوانن ببن بە ھێلی کاریگەر لەنێو فیلمەکەو گۆڕانکاری لە فۆرم و شێوازی گێڕانەوەدا دروست بکەن، ئەو چیڕۆکانە وەک ستراکچەرێک دەبن بە پاساو بۆ دروستکردنی دیمەنی ئەکشنی بەردەوام و خزمەت بە پڕۆسەی شەڕانگێزی پاڵەوان دەکەن لەنێو فیلمەکە، ڕەنگە تاکە چیڕۆکی گرنگی نێو فیلمەکە کە بەشێوەیەکی درامی و جیاواز لەو پڕۆسەیەی سەربردە کاری لەسەر کرابێت، قۆناغی منداڵی پاڵەوانەو کە سینارێست بەشێوەی جیاواز و لەنێو خەیاڵێکی داھێنەرانە، دەتوانێت لەو قۆناغەدا گەشە بە پلۆتی فیلمەکەو کارەکتەری پاڵەوان بکات، دوای ئەوە لە قۆناغەکەی دواتر، گەشەی پاڵەوان بە تەواوی دەوەستێت و ھەموو ڕووداوەکانی فیلمەکە بەر جۆرێک لە دووبارەبوونەوەو ڕۆچوون لە ئەکشن و کوشتن و شەڕو تاوانکاری دەکەون، لەڕووی لۆژیکییەوەش ئەو پاساوەی کە سینارێست ھێناویەتییەوە وەک پاڵنەری (پاڵەوان) لە پیادەکردنی ڕۆڵی کەسێکی خراپەکارو لۆتی و پیاوکوژ، پاساو و پاڵنەرێکی لاوازەو لەڕووی سایکۆلۆژییەوە ناکرێت مایەی قەناعەتپێکردنی بینەر بێت، منداڵێکی ھەرزەکار لەبەر ئەوەی ھاوڕێکانی لەنێو مەلەوانگا ھەوڵی خنکاندنی دەدەن (کە جۆرێکە لە یاری ھەرزەکارانە)، ببێتە کەسێکی دڕندەو تەڕو وشکی شارێک بسوتێنێت و تۆڵە لە ھەموو شارەکە بکاتەوە.
کێشەیەکی تر لە سیناریۆی کارەکە ئەوەیە کە ھەندێ ئاماژە لەو فیلمە بەرجەستە دەکات کە ئاماژەی ترسناکن بە قۆناغەکانی پێش و پاش ڕاپەڕین و حوکمڕانی کوردی، لە ڕووی کاری سینەماتۆگرافییەوە، ئەم فیلمە یەکێکە لەو فیلمە گرنگانەی کە توانیویەتی فۆرمێکی ئاسان و گونجاوی گێڕانەوەو وێناکردن بۆ ئەو قۆناغە مێژووییە ھەڵبژێرێت، دەرھێنەر (محەمەد شێروانی) و کادیرە ھونەری و تەکنیکییەکانی توانیویانە بەشێوەیەکی بەرچاو یەکانگیری لەنێوان بابەت و فۆرمی گێڕانەوەدا دروست بکەن و ئەو فۆرمە پڕ قەرەباڵغی و ئەو ڕیتمە خێرا و کاریگەرە، بەشێکی گرنگی جەستەی ڕووداوەکانی دروست کردووە و خزمەتی زۆری بە بونیادی درامی و ئێستاتیکی کارەکە کردووە، تەنانەت لۆکەیشن و ھەڵبژاردنی لۆکەیشن کاریگەرە لە وێناکردنی ئەو ھەڵچوونە بەردەوامەی کە دراماکە کاری لەسەر کردووەو گرتەو دیمەن و جولەی کامیرا و قەبارەی سکانسەکان و ڕەنگ و دەنگ و ڕوناکی و ھەموو کارتێکەرە دەنگی و ڕەنگییەکان، توانیویانە ڕەھەندێکی مێژوویی و دەروونی گرنگ بە ستراکچەری دیمەنەکان ببەخشن و بەشداری کارا بن لە دروستکردنی ئەکشن و گێڕانەوەی چیڕۆک، ڕەنگە لەڕووی تەکنیکیەوە کێشە لە ھەندێ دیمەن ھەبێت، دیمەنی شەڕو پێکدادانەکان، کە بە شێوەیەکی بەرچاو لەنێو قەرەباڵغییەکی زۆردا وێناکراون و فۆرمی گشتی شەڕەکان دەبینرێن و وردەکارییەکان فەرامۆشکراون، لە زۆرکاتیشدا دەرھێنەر پەنای بۆ کۆمەڵێک ئاماژە بردووە بۆ ئەوەی ستراکچەری شەڕەکانی پێ وێنا بکات، وەک بەکاربردنی ئەو کەلوپەلانەی کە تێکدەشکێن و پەرتەوازە دەبن وەک وێناکردنێکی ناڕاستەوخۆی کەش و فەزای نێو شەڕەکان و دژواری پێکدادانەکان، بەڵام لە وردەکارییدا، دەرھێنەر خۆی لە زۆرێک لە وردەکاری پاڵەوانەکانی لەنێو شەڕەکان پاراستووە، بۆیە بینەر تەنھا لە کۆتایی شەڕەکەدا بۆی ڕووندەبێتەوە کێ لە شەرەکەدا سەرکەوتووەو کێش دۆڕاوە.
وەک نواندن، بوونی ئەو کۆمەڵە گەنجە لەو فیلمە، کە بەشێکی زۆریان بۆ یەکەمجارە دەبینرێن، ئومێدێکی گەورەیە بۆ سینەمای کوردی و ھەولێر بە تایبەتی، چونکە لەو فیلمە ئەکتەری دووبارەو کلێشەدار نابینی، کۆمەڵیک ئەکتەر دەبینی کە زۆر بە عەفەوی دەردەکەون و ئاکتینگ دەگەن، تەنانەت ھەندێکیان تا ڕاددەی یەکبوون رۆچوونەتە نێو کارەکتەرەکانەوە، بە تایبەت بۆ من فیراس ئیدریس، پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکە زۆر سەرنجڕاکێش بوو، بە تایبەت لە بێدەنگییەکەی و ڕوانینەکان و ھەست و ھەڵچوونە ئاڵۆز و پەنگخواردووەکانی، ئەوە جگە لەو خانمانەی کە بەشێوەیەکی نایاب لەو فیلمە دەردەکەون و فۆرمێکی زۆر ھەولێرییانە ئەدا دەکەن، وردەکارییەکانی جل وبەرگ و ماکیاژ و شێوازی قژ و ھەموو ئەوانەی پەیوەستن بە بونیادی کارەکتەری مێژوویی زۆر نایاب کاری تێدا کرابوو.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی بۆ محەمەد شێروانی و داروین وەیس و ھاوکار فەرھاد و تەواوی کاستی ئەو فیلمە ھونەرییە جەماوەرییە نایابە دەکەم و ھیوام وایە سینەمای کوردی لە سایەی ئەو نەوە تازەیەی کە بە جیددی و گەورەییەوە لە سینەما دەڕوانن و پڕۆفیشیناڵانە کاری تیا دەکەن و بگەشێتەوەو بنەماکانی سینەمایەکی کوردی گەشاوە بێتە کایەوە، ھەموو ئەو فیلمە سینەماییانەش کە لەم ماوەیەدا پشتیان بە بینەر بەستووە، بە جیاوازی ئاستی ھونەرییانەوە، جێگەی دڵخۆشین و بەردەوامی ئەم کارە بەرەو مەبەستمان دەبات.
شیڤان شێرزاد – هەولێر