پەیکەری هونەرمەندێکی کورد دەبێتە خەڵاتی یەکێک لە ڤێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان

پەیکەری (بەرخودان)ـەکەی هونەرمەند زیرەک میرە، کە تایبەت بۆ شاری کۆبانێ دروستی کردووە، دەبێتە خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی (کۆبانێ) لە ئەڵمانیا.

هونەرمەند زیرەک میرە لە سەروبەندی شەڕی داعش و هێرشەکانی بۆ سەر شاری کۆبانێ بیرۆکەی دروستکردنی پەیکەرێکی لا دروست بوو کە بتوانێت گوزارشت لە ئازایەتی و بەرخودانی ژنە شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوا بکات لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش بۆ سەر ژیانیان، کە دواتر بیرۆکەکەی کردە ڕاستی و توانیی پەیکەرێکی ناوازە بە قەبارەیەکی گەورە دروست بکات و پێشکەشی شاری کۆبانێی بکات.
ئێستاکەش ماوەی چەند ساڵێکە بچووککراوەی پەیکەرەکە بووەتە خەڵاتی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کۆبانێ لە وڵاتی ئەڵمانیا و بەسەر براوەکانی ڤێستیڤاڵەکە دابەش دەکرێت کە هونەرمەندانی سەرجەم نەتەوە جیاوازەکانی تێدایە و ئەمەش جێی شانازییە بۆ کورد.
ئەم هونەرمەندە پەیکەرسازە خاوەنی پێنج پێشانگای تایبەت و زیاتر لە ١٢٠ پێشانگای هاوبەشە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەو پەیکەرەشی لە ساڵی ٢٠١٦ وەک دیارییەک پێشکەشی شاری کۆبانێ ی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
جێی باسە پەیکەرەکە لە ساڵی ٢٠١٦ دروستکراوە و دروستکردنەکەشی ماوەی حەوت مانگی خایاند کە هونەرمەند زیرەک میرە بە هاوکاری ستافێکی ١٠کەسی خۆبەخش لە شاری سلێمانی دروستیکردووە و پاشان گواستراوەتەوە بۆ شاری کۆبانێ.
پەیکەری بەرخودان کە بە پەیکەری (ژنی ئازد)یش

دەناسرێت، دوا بەدوای دروستکردن و گواستنەوەی لە ١٦ـی ئازاری ساڵی ٢٠١٦دا لە شاری کۆبانێ پەردەی لەسەر لا درا کە بە ڕەنگی سپی دروست کراوە و بەرزییەکەی ٨ مەترە و کێشەکەشی نزیکەی ٤ تەنە، لە ناوەندی شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر کراوە وەک هێمایەک بۆ خۆڕاگریی ژنان وە هەوڵ و کۆششی ئەو ژنانەی شان‌بەشانی پیاوان لە جەنگی دژ بە داعش و لە کاتی پەلامارە خوێنڕێژییەکاندا بۆ سەر شاری کۆبانێ بەشداربوون، هاوکات هێمایە بۆ ئاشتی لە ناوچەکە و جیهان و، بووەتە پەیامی خۆشەویستی و پشتگیری و یەکبوونی کورد.
ئێستاکە پەیکەری بەرخودان جگە لەوەی بووەتە لۆگۆی فەرمیی بەشێک لە دامودەزگاکانی ڕۆژئاوا، لەگەڵ ئەوەشدا بووەتە خەڵاتی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کۆبانێ لە ئەڵمانیا و هەموو ساڵی ژمارەیەکی زۆر لەو پەیکەرە بە قەبارەیەکی بچووک دروست دەکرێت و پێشکەش بە براوەکانی ڤێستیڤاڵەکە دەکرێت.

محمد لادێ – هه‌‌ولێر