یەکەمین دیداری فیلمی کوردی و هیندی لە هەولێر بەڕێوە چوو

بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر _ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، دوای گرێدانی چەندین دیداری تایبەت بۆ واژووکردنی چەند پڕۆژەیەکی سینەمایی هاوبەش لە نێوان فیلمسازانی کورد و وڵاتی هیندستان.

دوای لە یەکتر نزیکبوونەوە و ئاڵوگۆڕکردنی ڕا و سەرنجەکانی “شاخەوان مستەفا” بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ کۆنسوڵخانەی وڵاتی هیندستان و ڕێکخراوی دۆستایەتی کوردستان، گەیشتین بەوەی دیدارێکی نێودەوڵەتی بۆ نمایشکردنی فیلمی کوردی و هیندی لە هەولێر نمایش بکەین، لە وەرزی بەهاردا وەک دەسپێکێکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم دیداری کوردی و هیندی دوو فیلم نمایش کرا، کە یەکەمیان فیلمی “شین” بوو لە دەرهێنانی “محەمەد مستەفا” و فیلمی دووەمیش “ئینگڵش ڤینگڵش” بوو، کە لە دەرهێنانی هونەرمەندی ناسراوی هیند “گۆری شندی” بوو.
شاخەوان مستەفا” لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی ڕاگەیاند: بە مەبەستی زیاتر نزیکبوونەوە لە دۆستایەتی وڵاتی هیندستان، لە ئاییندەیەکی نزیکدا دیدارێکی فراوانی سینەمایی و چەند پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان فیلمسازانی کوردستان و وڵاتی هیند ڕادەگەیەنین.
مادان گڵۆباڵ: کوردستان هەرێمێکە لە چەشنی وڵاتێکی پێشکەوتوو
لە دوا ساتەکانی نمایشکردنی هەر دوو بەرهەمە سینەماییەکان، “مادان گڵۆباڵ” کۆنسوڵی گشتی وڵاتی هیندستان کەوتە بەردەم پرسیاری “هەولێر” و ڕاشکاوانە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی وەک بەرپرسێکی باڵای هیندستان لە هەرێمی کوردستان کاریکردووە هەستێکی پڕ لە خۆشەویستی لا دروستبووە، بەتایبەت دوای خوێندنەوەی مێژووی کورد و شۆڕشەکانی و ئەو قۆناغەی، کە بووەتە هەڵگری درووشمی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلان لە ناوچەکە و تێکەڵ بوونی بە هونەر، کە ڕەنگدانەوەیەکی جوانی لەسەر ئەو گەله هەیە، بۆیە من پێموایە کورستان هەرێمێکە لە چەشنی وڵاتێکی پێشکەوتوو لە ڕووی ئاوەدانی و پێشکەوتن لە هونەر و ئاشقە بە جوانی.
وەرزێکی نوێ لە سینەما دەست پێدەکەین
“شاخەوان مستەفا” بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر، لە دوای نمایشکردنی ئەو دوو فیلمە و بەڕێوەبردنی دیدارە سینەماییەکە، بە “هەولێر”ـی گوت: دوای ماوەیەک وەستان لە نمایشکردنی فیلمە کوردییەکانمان و گرێدانی سینمینار و کۆڕەکان لە بارەی ڕەوشی سینەمای کوردی، لە وەرزی بەهار بە چەندین بەرهەمی نوێ و پڕ لە داهێنان و پێشکەوتن لە هونەری حەوتەم دەگەڕێینەوە باوەشی ئەو هونەرە و لەسەر ئەرکی پارێزگاری هەولێر هەموو چوارشەممەیەک بە خۆڕایی فیلمە کوردییەکانمان نمایش دەکەین.
شیڤان شێرزاد – هەولێر