هونەرمەند ئالین: ئاشقی فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردیم

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، خانمە هونەرمەندی کورد ئالین، گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی بە ناوی “شێخانی”پێشکەش بە هەوادارانی دەکات.

ئەم گۆرانیە لە تێکست و ئاوازی فۆلکلۆری باکووری کوردستانە.
گۆرانییەکە لە قەڵای هەولێر بە سەرپەرشتیی دەرهێنەر “ڕێناس میران” وێنەگیراوە.
دەربارەی ئەم گۆرانیە هونەرمەندی ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی هونەری “هەولێر” گوتی: لە پاڵ خۆشەویستیم بۆ گۆرانی و سروودە نیشتمانییەکان، من یەکێکم لەوانەی ئاشقی فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردیم و هەمیشە هەوڵ دەدەم سوود لەم سامانە هونەری و نەتەوەییە بەنرخە وەربگرم. ئێمەی کورد لە ڕووی هونەرییەوە خاوەنی سامانێکی گەورەین لە فۆلکلۆری پتەو و ڕەسەن کە لەلایەن هونەرمەندە گەورەکانی پێش ئێمەوە پێشکەش کراوە و لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە زیندوویی ماوەتەوە.
ئەم فۆلکلۆرە هۆکارێک بووە بۆ بەردەوامیی ململانێ و خەباتی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی مافەکانمان لە ڕێگەی هونەر و گۆرانییەوە بە شێوەیەکی گشتی. هەربۆیەش، لە هەموو بەرهەمە هونەرییەکانی پێشوومدا، کەلەپووری هونەریی کۆن و ڕەسەن پشکی شێری بەرکەوتووە لەو بەرهەمانەی کە پێشکەشم کردوون.
سەبارەت بەوەی بۆچی لە ماوەیڕابردوودا زۆربەی بەرهەمەکانی بە سینگڵ پێشکەش کردووە “ئالین” بۆ “هەولێر” گوتی: تەکنۆلۆژیا و بارودۆخی ئێستا وای لە هەموو هونەرمەندان، بەتایبەتی هونەرمەندانی کورد کردووە، کە گۆرانی تاک یاخود سینگڵ پێشکەش بکەن، چونکە بەرهەمهێنانی ئەلبوومێکی گۆرانی پێویستی بە کات و هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر و هەروەها پشتیوانیی ماددی هەیە، کە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە هونەرییەکان زۆر گرنگە، بەڵام بەداخەوە، لە سەرەتای کاروانی هونەریمەوە تا ئێستا، هیچ کەسێک یان هیچ لایەنێک ئەو پشتیوانییە ماددییەیان پێشکەش نەکردووم کە بۆ پێشکەشکردنی گۆرانییەکان پێویستە. هەموو بەرهەمە هونەرییەکانم و ئەو کارانەی لە درێژایی ئەم ساڵانەدا پێشکەشم کردوون، لەسەر ئەرک و خەرجیی تایبەتی خۆم بوون.
من لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبم، چونکە خۆشەویستی و حەز و خولیام بۆ گۆرانیی کوردی، هونەری کوردی و نەتەوەی کورد، هانده‌ر و پاڵنەری سەرەکیی منە بۆ پێشکەشکردنی بەرهەم و گۆرانیی کوردی بە جەماوەری کوردستان لە هەموو پارچەکانیدا بێ هیچ جیاوازییەک، هەروەها بۆ هەموو کوردێک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن. چونکە من هەموو پارچەکانی کوردستان بە نیشتمانی خۆم دەزانم، هەموو شارێکی کوردی لە هەر پارچەیەکدا بێت بە شاری خۆم دادەنێم، و هەموو کوردێکیش بە جەماوەر و خۆشەویستانی خۆم دەزانم، کە شایستەی هەموو ڕێز و پێزانینێکی منن.
لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک گۆرانیم بە شێوەی تاک (سینگڵ) پێشکەش کرد. گۆرانیی (شێخانی) یەکێکە لەو گۆرانیانەی کە پێشکەش بە جەماوەرم کردووە. ئەم گۆرانییە، گۆرانییەکی میللی دەڤەری بۆتانە هەروەها هەڵپەڕکێکەیشی هی هەمان دەڤەرە و لە دەڤەرەکانی دیکەی کوردستانیش گوتراوە. ئەم گۆرانییەش بە بۆنەی جەژنەکانی نەورۆز و هاتنی وەرزی بەهارەوە پێشکەش بە ئەوان دەکەم.

شیڤان شێرزاد – هەولێر