بەمەبەستی گرنگیدان بە هونەر و چالاکییە شانۆیی و موزیکاڵیەکان. زانکۆی کیتاب لەگەڵ گرووپێکی شانۆیی کەرکوک سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ سازدانی فێستیڤاڵێکی شانۆیی لەم ناوەندە زانستیەدا و بڕیاریشە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بە بەشداری چەندین شانۆی کوردی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبچێت.
نەژاد نەجم، دەرهێنەر و شانۆکاری بە ئەزموونی کەرکوک و ئەندام لە گرووپی هەوار بۆ شانۆ بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: سازدانی ئەو فێستیڤاڵە شانۆییە، یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئێمە وەک هونەرمەندانی کەرکوک، کە چەندین ساڵە ئەم فێستیڤاڵە شانۆییە هەر جارە و لە شارێک و زانکۆیەک پێشکەش دەکرا، ئێمەش توانیمان ئەم ساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ڕازی بکەین لە 13/ 4/ 2025 بە بەشداری 40 زانکۆی حکومی و ناحکومی بێنینە زانکۆی کیتاب و شۆڕشێکی شانۆی دەست پێبکەین.
گوتیشی: دووەم هەنگاومان لە دوای دروستکردنی گروپێکی شانۆ زانکۆی کیتاب ئەمە هەنگاوە گەورەکەمان بوو 40 زانکۆی حکومی و ناحکومی بە 40 نمایشی شانۆ دێنە ئەو زانکۆیە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژیش فێستیفاڵەکە بەردەوام دەبێت.
شیڤان شێرزاد – هەولێر