بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٧ـی نیسانی ٢٠٢٥، لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر بەشی چالاکی قوتابخانەکان پێشانگایەکی شێوەکاری تایبەت بۆ هونەرمەندی شێوەکار “جەوهەر محەمەد عومەر” بە چاودێری “د. ئالان حەمە سەعید” وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە درووشمی “کۆچ بەرەو ناخی سروشت لە هۆڵی میدیا بکاتەوە و تابلۆ ڕەنگینەکانی ئەو هونەرمەندە، کە سروشتی ئاوێزانی هونەری ڕەنگ کردووە لە چوار دیواری داخراودا ببێتە میوانی ئەو ناوەندە زانستی و هونەر.
ئەو پێشانگایە پانزەمین پێشانگای تایبەتی ئەو هونەرمەندەیه و تابلۆکانیشی گوزارشت لە سروشتی جوانی کوردستان و لوتکە چیاکان و چوار وەرزی ساڵ دەکەن، بەتایبەت لە وەرزی بەهار و دەرکەوتنی نێرگزی بوکی کوردستان، کە جوانییەکی دیکە بە سروشت دەبەخشنەوە و بووەتە بڕاندێکی کوردی.
هونەرمەند لەم پێشانگا هونەرییەیدا هەوڵیداوە، ڕەنگ و سروشت تێکەڵ بە یەکتر بکات و چەند تابلۆیەکی ناوازە لەو پێشانگایەدا نیشانی ئارەزوومەندانی هونەری شێوەکاری بدات.
شیڤان شێرزاد – هەولێر