ئەمین حاجی عومەر: ئەشقی بێسنوورم بۆ وڵات وای لێ کردم بەشداری لە درامای ئادیابیندا بکەم

زنجیرە درامای مێژوویی “ئادیابین” دەروازەیەک بوو بۆ پێگەیاندن و ئاشکراکردنی توانا شاراوەکانی هونەرمەندان.

یەکێک لەو هونەرمەندە دیار و بەرچاوانە، کە لەم درامایەدا بە ڕۆڵی مامۆستا “سەردار” دەرکەوت هونەرمەند “ئەمین حاجی عومەر”ە، کە توانیویەتی بچێتە نێو قووڵایی بەرهەمەکە و سەرنجی بینەر بە لای خۆیدا ڕابکێشێت، بۆیە “هەولێر” لە دیدارێکی کورتدا ئەو فیلمسازەدا دەدوێنێت و ڕووبەرووی چەند پرسیارێکی دەکاتەوە.
× یەکەم ژووانی هونەریت لە کێ بەستا؟
هونەر خولیای منداڵیم بوو، لە یەکەم هەنگاویشدا، کە هێشتا قوتابی بووم لە قۆناغە ناوەندییەکانی خوێندن دا خۆم خزاندە نێو هونەر و هەوڵمدا وەک کارەکتەرێک لە یەکێک لە کارە شانۆییەکاندا ڕۆڵێک بەرجەستە بکەم و تواناکانی خۆم لەم بوارەدا تاقی بکەمەوە.
یەکەم کاریش، کە بەشداریم تێدا کرد بینینی ڕۆڵی هونەرمەندی گەورە “هۆمەر دزەیی” بوو لە پڕۆگرامی ژیمادا.
× بۆچی هێندە عاشقی بە بەرهەمە شۆڕگێری و نەتەوەییەکان؟
عەشقی بێ سنوورم بۆ وڵات وایلێکردووم، کە هەمیشە بیر لەوە بکەمەوە بەشداری لە کارێکی هونەری دا بکەم، هونەر ئاوێزانی خۆشەویستی کوردستاندا بکەم، هەر ئەو بیرکردنەوە و تێڕوانینەشم بۆ وڵات ڕایکێشام بەشداربم لە فیلمی دیکۆمێنتەری “بارزانییەکان”، کە بەڵگە فیلمێکە باس لە کارەساتی مێژوویی ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کورد دەکات.
لە دوای ئەو بەرهەمەش بەشداریم کرد لە فیلمی سینەمای “هاواری بێدەنگ”.
× پێت وایە تۆ لە کام وێستگەی هونەری دا ناسێندرایت؟
بێگومان زنجیرەدراما مێژووییەکەی “ئادیابین”، کە لە دەرهێنانی “حەسەن عەلی خان” و بەرهەمی تۆڕی میدیایی کوردستانە، کە بە ڕۆڵی مامۆستا “سەردار” تێیدا بەشدارم و تا ڕادەیەکی زۆر توانیوومە سەرنجی بینەر بە لای خۆمدا ڕابکێشم و بچمە نێو قوڵایی ئەو بەرهەمە درامییەی، کە تراژیدیا و خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد و ڕۆڵی نەبەردی پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و داستانەکانی وەک ئەیلول و گوڵان و خەبات و تێکۆشانی سیمبولی گەلەکەمان “مەلا مستەفا بارزانی” نیشانی بینەری کورد دەدات، کە بە خوێنی سووریی پێشمەرگە و چاونەترسی ئەو سەرکردە مەزنە ئازادی ڕەها بۆ کورد بەدەستهێنرا و تا ئێستاش لەژێر چەتری ئەو ڕێبازەدا خەبات دەکرێت بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.
× بەرجەستەکردنی ئەو ڕۆڵە بۆ تۆ قورس نەبوو؟
لە دەسپێکی بەشداربوونم لەو درامایەدا، کە لەسەر داوای دەرهێنەر بوو، بە یەک وشەش سەرنجی منی ڕاکێشا، کە بەشداربم لە کارە درامیەکەدا کاتێک پێی گوتم: ئەو بەرهەمە کارێکی پیرۆزە و خزمەت بە کورد دەکات، بڕیارمدا بەشداربم و وەک مامۆستا “سەردار” ڕۆڵی مامۆستایەک ببینم، کە لە ڕێکخستنەکانی پێشمەرگەدا کار دەکات بۆ سەرخستنی شۆڕشی پێشمەرگە.
ئەو کاتەی سیناریۆکەشم خوێندەوە، بەڕاستی هێز و توانای پێبەخشیم، هەستێکم لا دروست بوو، کە ئەو درامایه مژدە بەخشە و ئەزموونێکی نوێیه لە ژیانی هونەری مندا.
× هیچ پسپۆڕییەک لە بەرهەمهێنانی درامادا دەبینن؟
یەکێک لە قورسترین هەنگاوەکانی هونەرمەند ئەوەیە، کە دەست بۆ بەرهەم هێنانی کارێکی درامیدا ببات، کە بڕوام وایە هیچ پسپۆڕییەک لەو بوارەدا نیە لە کوردستان، چونکە دروستکردنی دراما ژێرخانێکی ئابووریی باشی پێویستە و ئێستاش ئەو توانا داراییە لە کوردستان نیە بۆ پەرەپێدان بە بەرهەم هێنانی دراما.
سەبارەت بە زنجیرە درامای ئادیابینیش دەڵێم، لە بەرزترین ئاستدا دەبینرێت لە ڕووی ستایلی جل و بەرگ و لۆکەیشن و میوزیک و هەڵبژاردنی کارەکتەرەکان، هەر ئەوەش وایکرد، کە بەشی دووەمی دراماکە بێتە بەرهەم و لە تۆڕی میدیایی کوردستان پەخش بکرێت.
× هەندێک جار هونەرمەندان و کاره هونەرییەکان ڕووبەرووی ڕەخنەی توند دەبنەوە ئایا تۆ لە ڕەخنە دەترسیت؟
ڕەخنە پڕۆسەیەکی گرنگ و بونیادنەرە، هیچ کاتێکیش ناتوانین کلیلی سەرکەوتن بدۆزینەوە، ئەگەر ئامادە نەبین ڕووبەرووی ڕەخنەی نووسەران ببینەوه، کە ئامانجیان پێشکەوتنی هونەری کوردییە، بۆیە دەبێت بە دڵێکی فراوانەوە ڕەخنەکان قبوڵ بکەین، کە ئاراستەی کار و پڕۆژەکانمان دەکرێت.
خودی خۆم وەک هونەرمەندێکی بواری نواندن بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەو ڕەخنانە دەکەم لێمدەگیرێت، چونکە ڕەنگە من هێشتا لە سەرەتای ئەو ڕووبارەدابم، کە ناویان ناوە هونەر!
× بۆچی نواندنت لە هونەردا هەڵبژارد؟
بواری نواندن خەونی لەمێژینەی من بوو تا بتوانم تواناکانی خۆم بسەلمێنم، ئادیابینیش توانیی ئەو خەونەم بەدی بهێنێت و وەک هونەرمەندێکی دزێو بمناسێنێت.

شیڤان شێرزاد