هونەرمەندی شێوەكار رەمزی قوتبەدین، نوێترین پێشانگای خۆی كردەوە كە تابلۆكانی ئەمجارەی تایبەتن بە سروشت و دەیەوێت لەو رێگەیەوە جوانییەكانی سروشت نیشان بدات.
رۆژی شەممە لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەكە لە شاری سلێمانی، پێشانگای تایبەتی هونەرمەند رەمزی قوتبەدین كرایەوە و چەند رۆژێك دەخایەنێت، ئەم هونەرمەندە زیاتر لە 40 تابلۆی نمایش كردووە كە سەرجەمیان تایبەتن بە سروشت.
هەولێر: لەنێو تابلۆكاندا هەست بەوە دەكرێت كە ئەمجارە گرنگیت بە سروشت داوە، بۆچی ئەوەندە هۆگری سروشتیت؟
رەمزی قوتبەدین: دیارە من زیاتر لە 35 ساڵە سەرقاڵی كاری شێوەكاریم و لەزۆربەی ستایڵەكاندا كارم كردووە، بۆیە ئێستا دەمەوێت لەسروشتەوە كارەكانم بكەم، بۆ نموونە بینینی مێز یان درەخت یان گوڵێك كاریگەریم لەسەر دادەنێت.
هەولێر: ئێوە 30 ساڵە لەوڵاتی فەڕەنسا دەژین، سروشتی ئەوێ زیاتر بە سەرتدا زاڵە یان كوردستانیش؟
رەمزی قوتبەدین: بێگومان من زادەی ئەم وڵاتەم و لە شاخ و شار ژیاوم و ئەوانە بۆ من بوونەتە گەنجینەیەكی زۆر باش بۆ كاركردنم، بەڵام بۆ كاركردنی سروشت هەر شوێنێك بێت ئاساییە.
هەولێر: هەموو تابلۆكانت لەڕووی درێژی و پانی یەكسانن، چۆنە بەو شێوەیەن؟
رەمزی قوتبەدین: لەبەرئەوەی لە فەڕەنسا بە پۆست ناردمەوە، بۆ ئەوەی هێنانەوەیان ئاسان بێت، بەو شێوەیەن.
هەولێر: نرخی تابلۆكانت زۆرن كە لە 500 دۆلار دەست پێدەكات تا نزیكەی 2هەزار دۆلار، بۆچی نرخەكان ئەوەندە بەرزن؟
رەمزی قوتبەدین: تابلۆكان لە فەڕەنسا بەپێی تەمەنی كاركردنی هونەرمەندەكە دەگۆڕێت، لەبەرئەوەی منیش ئەزموونی كاركردنم هەیە و ناكرێت نرخەكان هەرزان بن، بەڵام لەبەرئەوەی لە كوردستان باری دارایی باش نییە، بۆیە داشكاندنم بۆ كردوون.
هەولێر: بە گشتی دۆخی شێوەكاری لە كوردستان چۆنە؟
رەمزی قوتبەدین: بەگشتی باش نییە، لەبەرئەوەی باری دارایی خەڵك باش نییە و ناتوانن وەك پێویست سەردانی پێشانگاكان بكەن و تابلۆكان بكڕن.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر