پەیکەری عومەری خاوەر لە ئەڵمانیا دروستکرا

هونەرمەندی پەیکەرساز “شوان کەمال” بەبۆنەی ساڵیادی کیمیاباران و کارەساتە مێژووییەکەی هەڵەبجەی شەهید لە ستیل و بڕۆنز پەیکەری “عومەری خاوەر” ـی لە وڵاتی ئەڵمانیا دروستکرد، کە بڕیار بوو لەبەردەم دادگای لاهای وڵاتی هۆڵەندا دابنرێت و پەردە لەسەر ئەو پەیکەرە لابدرێت، هەروەها پەیکەرێکی دیکەی بە ناوی “تۆفیقی کارەبا” وەک کەسایەتیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی نێو ئەو هەڵەبجە و بەرکەوتووی ئەو کارەساتە دروست بکات و لە بەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدانی ئەو شارە دابنرێت.

“شوان کەمال” پەیکەرساز و خاوەنی ئەو دوو پڕۆژە هونەرییە لە لێدوانێکی “هەولێر”ـدا ڕایگەیاند: وەک بەرپرسیاریەتیەکی مێژوویی و هونەرمەندێکی دیار دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا بەرامبەر بەو تاوانە گەورەیەی دژ بە گەلی کورد کرا، دەستم کرد بە دروستکردنی دوو پەیکەری قەبارە مامناوەند لە ستیل و بڕۆنز، کە بۆ هەردوو کەسایەتی شەهید “عومەری خاوەر و تۆفیقی کارەبا” بوو لە پێشووتریشدا لە هەولێر و سلێمانی لە پاڵ چەک و تەقەمەنیەکان و پاشماوەکانی چەکی کیمیاوی لە پێشانگایەکی هاوبەشدا نمایشم کرد، پاشان ئەو دوو پەیکەرەم پێشکەشی دادگای لاهای کرد لە وڵاتی هۆڵەندا بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە مێژووییەی گەلەکەمان بە جینۆساید بناسێندرێت و تەواوی وڵاتان ئاشنابن بە ئەو تاوانە دڵڕەقانەی ڕژێمی پێشووی عێراق بەرامبەر گەلی کورد کردوویەتی و نابێت لە مێژووی تاوانەکانی جیهان نەنووسرێتەوە و بەسەر مێژوونووسان جیهان تێپەڕ ببێت، کە ئێمەش گەلێکی ستەمدیدەین و لەوەتەی لەم گەردوونە دەژین، باجی ئازادی و سەربەخۆی گەلەکەمان دەدەین.
ئەگەرچی میللەتێکی ئاشتیخواز و خاوەن پێگەی خۆمانین و وێڵین بە دوای ئاشتی و داهێنان لە هونەردا.
شیڤان شێرزاد – هەولێر