فیلمی “حەبیبوڵا” لە دەرهێنانی دەرهێنەری كورد، عەدنان زەندی، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لە جەژنە فیلمە نێونەتەوەییەکەی زووم (ZOOM)ـی پۆڵاندای بردەوە.
کورتەفیلمە بەڵگەنامەییەکەی “حەبیبوڵا” لە دەرهێنانی عەدنان زەندی و بەرهەمهێنانی گوڵناز حوسێنی و سینا ئەیووبی و بەرهەمی بەفر پڕۆدەکشن، خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەییی لە بیستوهەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی زوومی پۆڵاندای بردەوە.
فیلمی بەڵگەنامەیی حەبیبوڵا، ڕوانینێکی بەڵگەییە لە ژیانی حەبیبوڵا زەندی، گورانیبێژی پێشەنگی ناوچەی لەیلاخ کە لە پیریدا تووشی سەندۆرمی دڕدۆنگی هات.
فیلمە دیکیومێنتارییەكەی حەبیبوڵا كە لە ماوەی دوو ساڵ و لە گوندی هەقە، كاری وێنەگرتنی بۆ كراوە، 30 خولەکە. عەدنان زەندی كە دەرهێنەر و شانۆنامەنووسێكی كوردی و تا ئێستا چەندین فیلمی بەرهەم هێناوە و لە فێستیڤاڵە جیاوازە ناوخۆیی و جیهانییەکان بەشداری کردووە، خەڵاتی فیلمە بەڵگەنامەییەكەی حەبیبوڵای كە لە هەشتی ئادار وەرگرت، ڕاستەوخۆ پێشکەشی بە ژنان و بە تایبەت ژنانی کورد كرد.
هەروەها کورتەفیلمی دۆکیومێنتاریی (حەبیبوڵا) لە فێستیڤاڵە بەناوبانگەکانی وەک سیویەکەمین فێستیڤاڵی شێفیڵد لە ئینگلتەرا و چوارەمین فێستیڤاڵی کوردی لە مۆسکۆ و فێستیڤاڵی سینەمای ڕاستی بەشداری كردووە و خەڵاتی بردووەتەوە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زووم، یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین فێستیڤاڵەکانی سینەمای سەربەخۆ لە پۆڵەندا، ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە پێشکەشکردنی بەرهەمی سینەمایی ناوازە و بە بەهای هونەریی بەرز و ڕەسەنە، هەروەها پێشخستنی هونەری فیلمی سەربەخۆیە.
عەدنان زەندی، سینەماکار و دەرهێنەری دۆکیومێنتاریی کورد، خەڵکی شاری سنە و لەدایکبووی ساڵی 1985ـە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە دەرهێنانی فیلم و بڕوانامەی ماستەرە لە دەرهێنانی شانۆ. لەم ساڵانەی دواییدا بە دروستکردنی فیلمی دۆکیومێنتاری و ئەنیمەیشن و کورتەفیلم توانیویەتی سەرنجی ڕەخنەگران و بینەران بۆ خۆی ڕابکێشێت. یەکێکی تر لە بەرهەمەکانی زەندی کورتەئەنیمەیشنی (جەنگ و ڕەنگ) و کورتەفیلمی (پەپوولە)یە کە یەكەمیان بەشداریی چلەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتەفیلمی تاران و فێستیڤاڵە بیانییەکانی وەک سێدیچی کۆرتۆ لە ئیتالیا كردووە و دووەمیشیان بەشداری فێستیڤاڵی فیلمی بەیرووت، فێستیڤاڵی خواردن و ئاوی میلانۆ، فێستیڤاڵی فوول بلووم لە ئەمریکا، فێستیڤاڵی کورتەفیلمی شۆمی نیوزلەندا كردووە و چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە.
شۆڕش غەفووری – هەولێر