ئاگرین دڵشاد بە گۆرانی ئەی خودایە گەڕایەوە ئامێزی هونەرەکەی

دوای پێنچ ساڵی تەواو دابڕان لە گۆرانی و ئاواز و میوزیک، هونەرمەند “ئاگرین دڵشاد” بە گۆرانییەکی ئایینی گەڕایەوە باوەشی هونەرەکەی.

گۆرانییەکە کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە لە ژیانی تایبەتی هونەرمەند ئاگرین و تێکست و میلۆدی و میوزیکەکەشی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێک هەستی ڕاستەقینە و ئەزموونی ئەو هونەرمەندەیە هەیە، وەک خۆشی لە ئاخاوتنێکی بۆ “هەولێر” دەڵێت: “زیاتر لە دوو ساڵە کار بۆ بەرهەمی “ئەی خودا”ـیە دەکەم و چەندین جار دەستکاری تێکست و میلۆدییەکەم کردووە، تەنانەت پار ساڵ بە نیازبووم بڵاوی بکەمەوە، بەڵام دیسان گۆڕانکاریم لە فۆڕمی گۆرانیەکەدا کرد، بە جۆرێک میکس و ماسترینگەکە بۆ چەندەمین جارە لەگەڵ میلۆدییەکەی گۆڕانکاری تێدا دەکەم و دووجاریش کلیپ کراوە.
هەڵبەتە ئەمجارە، لە کاتی وێنەگرتنی بەرهەمەکەدا، کە لە ناوچەیەکی شاخاوی نزیک دهۆک و زاخۆ وێنەی گیراوە و ناوچەیەکە بە بەردە داڕماوەکان ناسراوە و لەگەڵ تیمە هونەرییەکەم ماوەی دوو ڕۆژ و دوو شەو لەو شاخانەدا بمێنینەوە بۆ تۆمار و وێنەگرتنی ئەو بەرهەمە ئایینیەی ئێستا لە یوتیوبی خۆم و زۆربەی کەناڵە ئاسمانیەکان پەخش دەکرێت.
شیڤان شێرزاد – هەولێر