هونەرمەند سەنگەر كەمال ئاماژە بەوە دەكات، كە پێی باش نییە تەنها بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز گۆرانیی ئایینی بڵاو بكاتەوە، بەڵكو ئەو كاتەی بڕیاری دا واز لە كاری هونەری بهێنێت، گۆرانیی ئایینی بڵاو دەكاتەوە.
هونەرمەند سەنگەر كەمال، ساڵانێكی زۆرە كاری هونەری دەكات، لە هەردوو ستایڵی خاو و شادیش گۆرانیی وتووە و بەشداری لایڤموزیكیش دەكات، ساڵانەش لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، بەشێك لە هونەرمەندان گۆرانیی ئایینی بڵاو دەكەنەوە، بەڵام هونەرمەند سەنگەر كەمال رایەكی جیاوازتری بۆ وتنی گۆرانیی ئایینی هەیە و بە (هەولێر)ی راگەیاند: “دەمەوێت ئەگەر بەرهەمی ئایینیم بڵاو كردەوە، ئیتر جارێكی دیكە نەگەڕێمەوە سەر كاری هونەری و واز لە چڕینی گۆرانیی شاد و ئاشقانە بێنم؛ ئەڵبەت جارێ ئەو بڕیارەم نەداوە”.
سەنگەر كەمال هەروەها دەڵێت “پێم خۆش نییە لە مانگی رەمەزاندا بە لەبەركردنی دشداشەیەك خۆم وەك كەسێكی دینی نیشان بدەم و دوای رەمەزانیش لایڤموزیك بكەمەوە و بەشداری ئاهەنگ بكەم، بەڵكو كە گۆرانیی ئایینیم وت، ئیتر بە تەواوی واز لە كاری هونەری دێنم”.
سەبارەت بەوەی ئەگەر دەیەوێت واز لە كاری هونەری بهێنێت، بۆچی واز دەهێنێت؟ بە پێكەونینەوە دەڵێت “لەبەرئەوەی ژیانی هاوسەرایەتیی پێك هێناوە و ئەو بژاردەیەی هەڵبژاردووە”، هەر دەربارەی ئەوەش كە ئایا هاوسەرەكەی دەیەوێت واز لە كاری هونەری بهێنێت؟ ئەم هونەرمەندە وتی “نەخێر، بەڵام هەموو شتێك كات و سەردەمی خۆی هەیە، لەوانەیە كەمی بكەمەوە، بۆ نموونە ساڵانە بەرهەمێك بڵاو بكەمەوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر