چەمکی ڕۆڵ (Role) لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە لایەن چارڵز هۆرتۆن کولی و هێربه‌رت میدەوە به وردی باس كراوه و تاكو ئێستاش بە شێوەیەکی سیستماتیک و زانستی هه‌ر پەرەی پێ ده‌درێت، هه‌روه‌ها به‌هۆی بەکارهێنانە هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی ئه‌و چه‌مكه لە زانستە مرۆییەکاندا لەلایەن دەروونناس و کۆمەڵناسەکانەوە بره‌وی زۆری هه‌یه، ئەم چەمکە، یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی قوتابخانەی کارلێکی هێماییە کە زۆرجار لە تیۆرییەکانی کەسانی وەک هێربه‌رت میددا بەکار دەهێنرێت.
هەروەها لە بۆچوونەکانی ویلیا‌م گراهام سامنەر، دانیال ج. ئێڤینسۆن و ئێرڤینگ گۆفمان. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش، له ئه‌ده‌بیاتی كۆمه‌ڵناسی پێناسه‌ی هه‌مه‌چه‌شنی له‌باره‌وه خراوه‌ته ڕوو. ده‌كرێ بڵێین چه‌مكی ڕۆڵ كۆمه‌ڵێ مانای جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت. یەکێک لە مانا باوەکانی پەیوەستە بەو کردانەی کە هەر مرۆڤێک بە هۆی ئەو بنەمایانەی کە لە کۆمەڵگادا هەیەتی، ئەنجامی دەدات. بە دیدی ڤاڵتەر کۆتۆ، ڕۆڵ نوێنەرایەتیی ئەو ڕەفتارانە دەکات کە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە چاوەڕوانی لێ بکات بەپێی پێگە و بنەما کۆمەڵایەتییەکەی. هه‌روه‌ها بروس كوهێنیش پێیوایه چه‌مكی ڕۆڵ ئاماژەیە بۆ ئەو ڕەفتارانەی کە ئەوانی دیکە چاوەڕێی دەکەن لە کەسێک کە پێگەیەکی دیاریکراوی بەدەست هێناوە. ڕۆڵی گونجاو وەک بەشێک لە پرۆسەی کۆمەڵایەتیکردن فێری تاک دەکرێت و دواتر قبووڵیان دەکات.
هه‌رچه‌نده لای ڕاڵف لینتۆن، ڕۆڵ ئەو هەڵوێست و بەها و ڕەفتارانە دەگرێتەوە کە کۆمەڵگا دەیبەخشێتە ئەو کەسە یان ئەو کەسانەی کە ئەم بنکەیان داگیرکردووە. ده‌كرێ بشڵێین كه چەمکی ڕۆڵ پەیوەندی بە چەمکی پێگەی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، هەرچەندە پێویستە لێیشی جیا بکرێتەوە، چونكه پێگە توخمێکە لە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی، شوێنێکە لە فەزای کۆمەڵایەتیدا و پۆلێکە لە ئەندامێتی ڕێکخراوەیی. بەم شێوەیە ڕۆڵ لایەنێکی فیزیۆلۆژیای ڕێکخراوەییە و ئەرک و گونجاندن و پرۆسە لەخۆدەگرێت. ئەگەر بوترێت مرۆڤ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی داگیر دەکات، ئەوە قسەیەکی مانادارە، بەڵام ڕاست نییە زۆرێک دەڵێن کەسێک ڕۆڵێکی داگیرکردووە. بۆیه دواجار ده‌توانین بڵێین چه‌مكی ڕۆڵ بریتییه له هه‌ڵوێست و دیدگا و به‌ها و نۆرم و ڕه‌فتارانه‌ی تاك كه مرۆڤ لە ماوەی ژیانیدا لە قۆناغی یەک لە دوای یەک یان هاوکاتدا ڕۆڵی جۆراوجۆر دەگێڕێت و تێکەڵکردنی ئەو کۆمەڵە ڕۆڵەی کە لە لەدایکبوونەوە تا مردن بینیویەتی کەسایەتییەکەی پێک دەهێنێت.
دواجار ده‌توانین بڵێین هۆكاره‌كانی گەشەسەندن و پێشکەوتنی هەر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆیی هه‌مه‌چشن و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه، لەوانە هۆكاری كولتووری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافی بە گشتی و، سەرچاوەیەکی مرۆیی کارامە بە یەکێک لە هۆکارە گرنگ و بنەڕەتییەکانی بەرنامەکانی گەشەسه‌ندن دادەنرێت، کە بەبێ له‌پێشچاوگرتنی سەرچاوەیە، گەشەسەندن نه‌كرده‌یه، بۆ نموونه له كاتێكدا کە ژنان نیوەی دانیشتووانی هەر وڵاتێک پێک دەهێنن، بوون یان نەبوونیان لە دامەزراوەکانی کۆمەڵگادا، کاریگەری لەسەر بەکارهێنانی تەواوی تواناکانی كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان هەیە. بۆیه هەر قسه‌كردنێ سه‌باره‌ت به پێگە و ڕۆڵی مرۆڤ پێویستی بەوەیە کە پێگەی تاكه‌كان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا شه‌نوكه‌و بكرێت و، لەم ڕووەوە، ڕۆڵی فاکتەرە كولتووری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافییەکان کە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە یارمه‌تیده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی بوارەکانی چالاکیی تاكه‌كان کارا دەکەن.
دانـا شوانی – هه‌ولێر