هونەرمەندی گۆرانیبێژ “زانا جەبەلی” جیاواز لە گۆرانییە ئەوینداری و نیشتمانییەکانی، ئەمجارەیان بە سروودێکی ئایینی دەرکەوتەوە و بەرهەمێکی کوالێتی بەرزە و ناوی نراوە “ئیلاهی من”.
ئەو سروودە لە تێکستی شەوان یەحیا و ئاوازی زانا جەبەلی و میکس و ماسترینگی “حوزەیفە فارس” و دابەشکردنی موزیکیش “حەسەن شەنگۆ” بۆی جێبەجێ کردووە و ئێستاش لە یوتیوبی ئەو هونەرمەندەدا بە بەرزترین کوالێتی بڵاو کراوەتەوە.
هونەرمەند “زانا جەبەلی” لە بارەی بەرهەمە نوێیەکەیەوە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: بڵاوکردنەوەی سروودی “ئیلاهی من” یەکێکە لەو سروودانەی گوزارشت لە ناخی خۆم دەکات و، وەک هونەرمەندێکی بڕوادار و لەخواترس، کە هەمیشە پێوەندییەکی پتەوم لەگەڵ ئایین و خوداپەرستیدا هەیە و تەنانەت نەک لە ڕەمەزان، بەڵکو هەمیشە عیبادەتی خودای گەورە دەکەم و ئەرکەکانم لە ڕووی ئایینییەوە جێبەجێ دەکەم، سروودەکەشم نیشاندانی ئەو خۆشەویستی و پێوەندییە قووڵەیە، کە لەگەڵ ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلامدا هەمە.
شیڤان شێرزاد – هەولێر