چاوخشاندنێک به براوه‌کانی نه‌وه‌د و حه‌و‌ته‌مین خه‌ڵاته‌کانی ئاکادیمیای “ئۆسکار”

براوه‌کانی نه‌وه‌د و حه‌و‌ته‌مین خولی خه‌ڵاته‌کانی ئاکادیمیای “ئۆسکار” ٢٠٢٥ ناسێندران و فیلمی سینه‌مایی “ئانۆرا” ٥ خه‌ڵاتی سه‌ره‌کی به‌ده‌ستهێنا.

ڕێو‌ڕ‌‌ه‌سمی کۆتایی نه‌وه‌د و حه‌و‌ته‌مین خولی خه‌ڵاته‌کانی ئاکادیمیای “ئۆسکار” ٢٠٢٥ به پێشکه‌شکاری “کانۆن ئۆبرایان” Conan O’Brien ئه‌کته‌ریی ناوداریی سینه‌ما و ته‌له‌فیزیۆن و پێشکه‌شکاریی به‌توانای ئه‌مه‌ریکی له هۆڵی شانۆی داڵبی Dolby Theatre له شاری لۆس ئۆنجلس له ویلایه‌تی کالیفۆڕنیا له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌چوو و به ئاماده‌بوونی ئه‌ستێره‌کانی به‌ناوبانگی سینه‌مای دنیا؛ براوه‌کانی ئه‌م ڕووداوه گرینگه‌ی سینه‌مای جیهان ناسێندران و فیلمی سینه‌مایی “ئانۆرا” Anora له ده‌رهێنانی فیلمسازی گه‌نجی ئه‌مه‌ریکی “شۆن بەیکر” Sean Baker توانیی ٥ خه‌ڵاتی سه‌ره‌کی له‌وانه؛ باشترین فیلم، باشترین ده‌رهێنان، باشترین سیناریۆی ئۆرجیناڵ، باشترین مۆنتاژ و باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی سه‌ره‌کی کچ بۆ “مایکی مێدیسۆن” Mikey Madison بباتەوە.
فیلمی سینه‌مایی “برۆتالیست” The Brutalist له ده‌رهێنانی “برێدی کۆربێت” Brady Corbet توانی ٣ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی سه‌ره‌کی پیاو، خه‌ڵاتی باشترین به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین مۆسیقای ده‌ق بباتەوە.
فیلمی سینه‌مایی “ئێمیلیا پرێز” Emilia Perez له ده‌رهێنانی “ژاک ئۆدیار” Jacques Audiard له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا که به ١٣ کاندید له‌وانه؛ باشترین فیلم، باشترین ده‌رهێنان، باشترین سیناریۆی ئۆرجیناڵ، باشترین مۆنتاژ، باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی سه‌ره‌کی ژن بۆ “کاڕلا سوفیا گاکسۆن” Karla Sofía Gascón، باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی ته‌واوکه‌ری ئافره‌ت بۆ “زۆئی سالدانا” Zoe Saldañ، باشترین فیلمی نێوده‌وڵه‌تی، باشترین سیناریۆی وه‌رگیراو، باشترین وێنه‌گرتن، باشترین مۆنتاژی فیلم، باشترین مۆسیقای ده‌ق، باشترین گۆرانی سه‌ره‌کی El Mal، باشترین گۆرانی سه‌ره‌کیMi Camino، باشترین ده‌نگ و باشترین میکیاج و دیزاینی قژ له ڕیزبه‌ندیی یه‌که‌مدا بوو، له ده‌رئه‌نجامدا توانیی ٢ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی ته‌واو‌که‌ری ئافره‌ت بۆ “زۆئی سالدانا” و باشترین گۆرانی سه‌ره‌کی بباتەوە.
فیلمی سینه‌مایی “دیداری نهێنی” Conclave له ده‌رهێنانی “ئێدوارد بێرگێر” Edward Berger که به ١٠ کاندید له ڕیزبه‌ندیی دووهه‌مدا بوو، ته‌نیا خه‌ڵاتێکی به‌ده‌ستهێنا و فیلمی سینه‌مایی “ته‌پۆڵکێک له زیخ: به‌شی دووهه‌م” Dune: Part Two له ده‌رهێنانی “دێنیس ڤیلێنۆڤێ” Denis Villeneuve له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا توانی ٢ خه‌ڵاتی باشترین دیزانی ده‌نگ و خه‌ڵاتی باشترین باشترین دیمه‌نه وێنه‌ییه‌کان بباتەوە.
لیستی براوه‌کانی نه‌وه‌د و حه‌و‌ته‌مین خولی خه‌ڵاته‌کانی ئاکادیمیای “ئۆسکار” له ساڵی ٢٠٢٥ به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یێندران:
خه‌ڵاتی باشترین فیلم
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلم به فیلمی سینەمایی “ئانۆرا” Anora له ده‌رهێنانی “شۆن بەیکر” Sean Baker له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین ده‌رهێنان به “شۆن بەیکر” بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینەمایی “ئانۆرا” به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی سه‌ره‌کی ژن
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی سه‌ره‌کی ژن به “مایکی مێدیسۆن” Mikey Madison بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینەمایی “ئانۆرا” به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی سه‌ره‌کی پیاو
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی سه‌ره‌کی پیاو به “ئادریان برۆدی” Adrien Brody بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “برۆتالیست” The Brutalist پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی ته‌واوکه‌ری ئافره‌ت
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی ته‌واوکه‌ری ئافره‌ت به “زۆئی سالدانا” Zoe Saldañ بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “ئێمیلیا پرێز” Emilia Perez به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی ته‌واوکه‌ری پیاو
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی ته‌اووکه‌ری پیاو به “کایران کۆلین” Kieran Culkin بۆ ڕۆڵبینین له فیلمی سینه‌مایی “زامێکی ڕاسته‌قینه” A Real Pain پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی ئۆرجیناڵ
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین سیناریۆی ئۆرجیناڵ به “شۆن بەیکر” بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی سینەمایی “ئانۆرا” به‌‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی وه‌رگیراو
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین سیناریۆی وه‌رگیراو Adapted Screenplay به “پیتێر ستراگان” Peter Straughan بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی سینەمایی “دیداری نهێنی” Conclave به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نێوده‌وڵه‌تی
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی نێوده‌وڵه‌تی به فیلمی سینەمایی “من هێشتا لێره‌م” I’m Still Here له ده‌رهێنانی “واڵتێر ساڵس” Walter Salles له وڵاتی بڕازیل به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین به‌‌ڵگه‌فیلم‌
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین به‌ڵگه‌فیلمی ئه‌م ڕووداوه گرینگه‌ سینه‌ماییه به به‌ڵگه‌فیلمی “نیشتمانێکی دیکه نییه” No Other Land له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “باسڵ ئادرا” Basel Adra، “راساڵ سزۆر” Rachel Szor، “حه‌مدان به‌لال” Hamdan Ballal و “یۆڤاڵ ئابراهام” Yuval Abraham له وڵاتی فه‌ڵه‌ستین پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی درێژ
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین ئه‌نیمه‌یشنی درێژ به فیلمی “ڕه‌وت” Flow له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “گینتس زیلبالۆدیس” Gints Zilbalodis، “ماتیس کازا” Matīss Kaža، “”رۆن دێنس Ron Dyens و “گریگۆری زاڵکمه‌ن” Gregory Zalcman به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی لیتوانی، فه‌ڕ‌ه‌نسا و به‌لجیکا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتن
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین وێنه‌گرتن به “لۆل کڕاولی” Lol Crawley بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وێنه‌گرتنی فیلمی سینه‌مایی “برۆتالیست” The Brutalist پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین دیزاینی جلوبه‌رگ
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین دیزاینی جلوبه‌رگ به “پاوڵ تازێوڵ” Paul Tazewell بۆ دیزاینی جلوبه‌رگ فیلمی سینه‌مایی “شه‌ڕانی” Wicked له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین مۆنتاژی فیلم
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین مۆنتاژی فیلم به “شۆن بەیکر” بۆ مۆنتاژی فیلمی سینەمایی “ئانۆرا” پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین مۆسیقای ده‌ق
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین مۆسیقای ده‌ق به “دانییه‌ل بلۆمبێرگ” Daniel Blumberg بۆ سازکردنی مۆسیقای ده‌قی فیلمی سینه‌مایی “برۆتالیست” به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین گۆرانی سه‌ره‌کی
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین گۆرانی سه‌ره‌کی El Mal به “کێلمێنت دۆکول” Clément Ducol و “کامیلێ” Camille بۆ گۆرانی فیلمی سینه‌مایی “ئێمیلیا پرێز” پێشکه‌ش کرا؛ ده‌قی ئه‌م گۆرانییه له لایه‌ن “کێلمێنت دۆکول”، “کامیلێ” و “ژاک ئۆدیار” Jacques Audiard نووسراوه.
خه‌ڵاتی باشترین ده‌نگ
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین ده‌نگ به شێوه‌ی هاوبه‌ش به “گرێت جان” Gareth John، “ریچارد کینگ” Richard King، “رۆن بارتلێت”Ron Bartlett و “دۆگ هێمفیل” Doug Hemphill بۆ دیزاینی ده‌نگی فیلمی سینه‌مایی “ته‌پۆڵکێک له زیخ: به‌شی دووهه‌م” Dune: Part Two به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین دیمه‌نه وێنه‌ییه‌کان
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین دیمه‌نه وێنه‌ییه‌‌کان Visual Effects به شێوه‌ی هاوبه‌ش به “پاوڵ له‌مبێرت” Paul Lambert، “ستێفان جیمز” Stephen James، “ریس سالکامب” Rhys Salcombe و “گێردنێفزێر” Gerd Nefzer بۆ ئه‌نجامدانی دیمه‌نه وێنه‌ییه‌‌کانی فیلمی سینه‌مایی “ته‌پۆڵکێک له زیخ: به‌شی دووهه‌م” پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین میکیاج و دیزاینی قژ
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین میکیاج و دیزاینی قژ Makeup and Hairstyling به شێوه‌ی هاوبه‌ش به “پیێر – ئۆلیڤیه پێرسین” Pierre-Olivier Persin، “ستێفانی گۆلون” Stéphanie Guillon و “مێرلینێ سکارسلی” Marilyne Scarselli بۆ میکیاج و دیزاینی قژیی ئه‌کته‌ره‌کانی فیلمی سینه‌مایی “مێی” The Substance به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین دیزاینی پلانی به‌رهه‌مهێنان
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین دیزاینی پلانی به‌رهه‌مهێنان Production Design به شێوه‌ی هاوبه‌ش به “ناتالی کراولی” Nathan Crowley و هه‌روه‌ها ڕازاندنه‌وه‌ی دیمەن له لایه‌ن “لی ساندلێز” Lee Sandales بۆ دیزاینی پلانی به‌رهه‌مهێنانی فیلمی سینه‌مایی “شه‌ڕانی” به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمی کورت
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین به‌ڵگه‌فیلمی کورت به فیلمی “کچه ته‌نیا‌که‌ی ئۆرکستڕا” The Only Girl in the Orchestra له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “مۆلی ئۆبرێین”Molly O’Brien و “لیزا رێمینگتۆن” Lisa Remington له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین کورتەئه‌نیمه‌یشن
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەئه‌نیمه‌یشن به فیلمی “له سێبه‌ری داریی سه‌رودا” In the Shadow of the Cypress له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “شیرین سەوهانی” Shirin Sohani و “حوسێن مولایمی” Hossein Molayemi له وڵاتی ئێران پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین کورتەفیلمی چیرۆکانی
خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلمی چیرۆکانییش به فیلمی “من ڕۆبۆتێک نیم” I’m Not a Robot له ده‌رهێنانی “ڤیتۆریا وارمێردام” Victoria Warmerdam به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی به‌لجیکا و هۆڵه‌ندا به‌خشرا.
مەنسوور جیهانی