شیڤان شێرزاد – هەولێر
“شەریهان بەکرلۆ” ئەو خامە ڕەنگینەی ڕۆژئاوایە، کە بە تابلۆ ڕەنگاوڕەنگەکانی سەرنجی بینەری هونەری ڕەنگی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و تا ئێستاش خاوەنی زۆرترین پێشانگای تایبەتە وڵاتانی سوید و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری هونەر كاریگەریی هەیە لە جەنجاڵیی ژیانی هاوچەرخدا هونەرمەند ڕاشکاوانە بۆ “هەولێر” دەڵێت: جیهانی ئەمڕۆ زۆر خێرایە، بەڵام گوتاری هونەری هێشتا كاریگەریی تایبەت و گرنگی خۆی هەیە.
لە ڕاستیدا هونەر دەتوانێت لەم سەردەمە تایبەتەدا ڕۆڵێكی گەورەتری هەبێت. کە مرۆڤەكان لە گێژەڵوكەیەكی فشار و گرژیدا دەژین، هونەر دەتوانێت ڕێگەیەك بێت بۆ وەستان و بیركردنەوە، تابلۆكانی منیش هەوڵ دەدەن ساتێكی بێدەنگی و هێمنی لە ناو جەنجاڵیی ژیاندا دروست بكەن، ساتێك كە بینەر بانگهێشت دەكات بۆ ئەوەی بیر لە مانای ئەو تەحەدایانە بكاتەوە كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، چ ژینگەیی، كۆمەڵایەتی، یان كەسی بێت.
هونەر هێزی ئەوەی هەیە كە خێرایی جیهانی دیجیتاڵی بشكێنێت، و مرۆڤەكان ڕابكێشێتە ناو ساتێكی تێڕامانی بینراو و فیكرییەوە، لە جەنجاڵی ژیاندا هونەر دەبێتە بانگەوازێك بۆ بەرخۆدان، مەرج نییە لە ڕێگەی ناڕەزایەتییەكی بەرزەوە بێت، بەڵكو لە ڕێگەی ئیلهام و تێڕامانێكی قووڵەوە دەبێت. كەواتە، پێموایە هونەر تەنانەت لەم سەردەمە ئاژاوەگێڕەشدا كاریگەریی دەمێنێتەوە و ڕەنگە بە تێپەڕبوونی كات گرنگتر بێت.