ڕێژوان مەرجان بە بەرهەمێکی نوێ گەڕایەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی میوزیکژەن و گۆرانیبێژ “ڕێژوان هونەر مەرجان” بە گۆرانییەکی نوێ و هەڵبژاردنی ستایلێکی جیاواز گەڕایەوە باوەشی هونەری گۆرانی و میوزیک.

بەرهەمه نوێیەکەی “ڕێژوان” بە ناونیشانی “ڕەنگە بۆ تۆ”ـیە و ئاوازی خۆی و تێکستی “فریاد سەلیم” و میکس و ماسترینگ و دابەشکردنی “ڕەهەند هونەر مەرجان”ـە و دیمەنەکانی بەرەهەمەکەش بە کامێرای دەرهێنەر “عەبدوڵا ساڵح” وێنەگیراوە و دەبێتە یەکەم کلیپی ئەو هونەرمەندە لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا.
هونەرمەندی نابراو سەبارەت بە گۆرانیە نوێیەکەی بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: دوای بڵاوکردنەوەی چەند گۆرانیەکم بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ و بەشداریکردن لە ئاهەنگ و کۆنسێرتە تایبەتەکان و دەستنیشانکردنم وەک بەهرەمەندێک لە ئاهەنگی پایتەختی گەشتیاری هەولێر، بڕیارمدا چەند بەرهەمێک بڵاوبکەمەوە، لەوانەش ئەو بەرهەمەی “ڕەنگە بۆ تۆ”ـیە، کە بەرهەمێکی ناوازەیە لە کارەکانی مندا و دەمێکە کاری بۆ دەکەم، ئەمڕۆ هاتووەتە بەرهەم و وێنەگیراوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەشێوەیەکی فراوان لە سۆشیال میدیا و چەناڵی یوتیوبی خۆمدا بڵاوی بکەمەوە.