ماهیر ئەمین بەرهەمێکی نوێ دەکاتە دیاری ڕەمەزان

 

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبیژ “ماهیر ئەمین” نوێترین بەرهەمی خۆی لە ئەمڕۆ لە یوتیوب و سۆشیال میدیا بڵاودەکاتەوە، کە گۆرانییەکی عیرفانیە و ناوی ناوە “چرای عیرفان، کە لە تێکستی “ڕەسوڵ ڕەش ئەحمەد”یـە و ئاواز و میوزیکی سەڕابە و میکس و ماسترینگی “دیار دلاوەر” و تار و نەیی “هێمن حوسێن”ـە.

بەرزۆ ئیبراهیم سەرپەرشتیاری بەرهەمەکەیە و لە دەرهێنانی سامی سادقە و بەشێکی زۆری دیمەنەکانی لە خەرەندی رواندز وێنەگیراوە.
ئەو هونەرمەندە جگە لە گۆرانی ئەوینداری، بەرهەمی نیشتمانی و عیرفانیشی هەیە، لەوانە “کاروانێ کوردا” کە بە زاراوەی کرمانجییە و لە 2016 بڵاوکرایەوە.
ماهیر ئەمین، لە رواندز لەدایکبووە، لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کاری هونەری کردووە، چوار ئەلبووم و چەند گۆرانییەکی بە تاک بڵاوکردووەتەوە و بەشێکیان بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهاتوون.
یەکێک لەو بەرهەمانەی دەنگدانەوەی زۆری لە نێو خەڵکدا هەبوو، “سێوخان” بوو و 20 ساڵ بەر لە ئێستا بڵاوکرایەوە و ماهیر ئەمین، لە 2014 بە میوزیک و دابەشکردنێکی نوێ بەرهەمی هێناوەتەوە.