لە توێژینەوەی زانستیدا لەبواری میوزیک درێغیم نەکردووە

لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر، د. چیایی كەمال سەعدی، باس لە هاتنە نێو دنیای هونەر دەکات و دەڵێت: لەخانەوادەیەکی هونەری پەروەردەبووم، باوکم هەمیشە هانی ئێمەی داوە بۆ بەرەوپێشچوون لەبواری هونەر، ساڵی 1986 یەكەم پێشانگەی منداڵانی بۆ من و ژاڵە خانی خوشکم کردۆتەوە و خەڵاتی پارێزگاری هەولێرمان بەدەستهێنا وەک ٧دوو بەهرەمەند.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات دواتر چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بەشی میوزیك و ساڵی 2001 بە پلەی زۆرباشە لەڕیزبەندی سێیەم دەرچووە، له گشت چالاكییه هونەرییەكانی پەیمانگە بەشداری کردووە.

وەک خۆی دەڵێت: ساڵی 2003 وەک بڕیاردەری بەشی میوزیک لەپەیمانگەی هونەره جوانەكان لەهەولێر بەردەوام بووە.

ساڵی 2004 لەكۆلیژی هونەر بەشی میوزیک وەرگیراوە و لەساڵی 2008 وەک (ڕاگر) لەهەمان کۆلێژ بەردەوام بووە.

ساڵی 2005 تیپی میوزیكی نەورۆزی دامەزراندووە و تا ساڵی 2020 سەرۆكی ئەم تیپە بووە و بەشداری لەهەموو ئاهەنگ و كۆنسێرته نیشتمانی و سیاسیی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە لەسەر ئاستی هەرێم و دەرەوەی هەرێم و چەندین بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە لە بواری هونەری. 

د. چیایی، سەبارەت بەبەشداریکردنی لەبواری توێژینەوەی زانستییەکان، دەڵێت:

وەک چۆن لەبواری میوزیک درێغیم نەکردووە لە بەشداریکردن و ئەنجامدانی بۆنە و کۆنسێرتە میوزیکی و گۆرانی ئامێزەکان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، ئاواش لەبواری توێژینەوەی زانستیدا درێغیم نەکردووە، خاوەنی چەندین وتاری زانستیم لەبواری میوزیك له ڕۆژنامه و گۆڤارەکان، وەک زانکۆی سەڵاحەددین و زانکۆی ڕاپەڕین و زانکۆی کوت.. هتد و هەڵسەنگاندنی چەندین توێژینەوەی زانستی و بەخشینی چەندین نازناوی زانستی و بەراوردکردنی چەندین بڕوانامەی دەرەکی لە بواری میوزیکدا کردووە. هەروەها دروستکەری میتۆدی مێژووی میوزیکی جیهانیم لە ساڵی 2014 و لەهەموو پەیمانگە حکوومی و ناحکوومییەکان و کۆلێژەکانی هونەر لەکوردستان دەخوێندرێت. هەروەها لە ساڵی 2015 دانەری میتۆدی ڕێبازەکانی توێژینەوەی زانستی ( و ) دەروونزانی ( و ) ڕێبازی وانە گوتنەوەی هونەری میوزیكم، لە ساڵی 2023 میتۆدی فەلسەفەی جوانناسی میوزیک بووم له كۆلێژی هونەره جوانەكان بۆ خوێندنی باڵ – ماستەر و دانەری چەندین پارچه ئاواز و گۆرانی و میوزیكیش بووم بۆ هونەرمەندان و هەوادارانی هونەری میوزیك. 

بەشداریم كردووه له كردنەوەی چەندین خوولی فێربوونی میوزیك و ئامێری میوزیكی بە گشتی و ئامێری عود بەتایبەتی له شاری هەولێر. هەروەها سەرپەرشتی زیاتر له 70 پڕۆژه و توێژینەوەی دەرچوونی بەكالۆریۆس و ماستەرم کردووە لە ٨٩ پەیمانگە و كۆلێژی هونەر له هەولێر.

خاوەنی چەندین سوپاس و پێزانین و بڕوانامەی ڕێزلێنانم له لایەن سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەددین و كۆلێژی هونەر و بەشی میوزیك و پەیمانگەكانی هونەر له كوردستان.

هەروەها د. چیایی سەبارەت بە قاڵبوونەوەی زانستی میوزیک لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی هەرێم گوتی: وەک دەزانین خوێندنی زانستی میوزیک ئاوا ئاسان نییە و کادری پێویستیش نییە لە شارەکانی کوردستان و هەزاران بەهرەمەندیش ئەم ئاواتەیان هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک ئێمەمانان ببن بە خاوەن بڕوانامەی بەرز لەبوارەکەدا، بۆیە هەمیشە وەک خۆم درێغیم نەکردووە و لەهەر شوێنێک و ناوەندێکی ئەکادیمی و هونەری داوام لێکرابێ من لەوێ ئامادەبووم، لەساڵی 2016 لەپەیمانگەی الوکی ناحکوومی بۆماوەی دوو ساڵ وانەم گوتۆتەوە، هەروەها لە ساڵی 2018و 2019 وەك وانەبێژی دەرەکی و بەشێوازی سەردان له كۆلیژی بنیات له زانكۆی راپەرین له باخچەی ساوایان وانەی میوزیكیم گوتۆتەوه و سەدان فێرخوازم فێری گۆرانی و ژەنین و نۆتەی میوزیکی کردووە لەدەڤەرەکە، هەروەها وەک دەستەی دامەزرێنەر و مامۆستای وانەبێژ بە سەردان لەبەشی میوزیک کۆلێژی هونەرە جوانەکانی دهۆک بەشداریم کردووە و بەردەوامم تا ئێستا.

وەك مامۆستایەك، سەبارەت بە ڕەوشی میوزیك لەئێستادا گوتی:

ڕەوشی هونەر بەگشتی و میوزیک بەتایبەتی دوای کرانەوەی ئەم هەموو ناوەندە ئەکادیمی و زانکۆ و پەیمانگەی هونەر زۆر زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو بەرەوپێشتر چووە، ئێستا خاوەنی چەندین هونەرمەندی ڤێرتیۆزین لەبوارەکەدا، ئەوەتا هونەر بەگشتی و میوزیک بەتایبەتی لەگشت ناوەندەکانی خوێندنی بنەڕەتی و دام و دەزگاکانی پەروەردە دەخوێندرێن و چەندین میتۆد و پڕۆگرامی پێشکەوتوو لەم بوارە خراونەتە بەردەست قوتابییانمان لە تەواوی قۆناغەکانی خوێندنیان و میوزیک بووە بە بەشێک لە پێداویستییەکانی ژیان و خەڵک ناتوانێ بەبێ میوزیک ڕۆژەکانی بەڕێ بکات و لەهەموو بۆنە و خۆشی و ناخۆشییەکاندا میوزیک بەکار دەهێندرێت، ئەمە جگە لەوەی میوزیک بۆتە بەشێک لە بەشەکانی بەهێزکردنی ئابووری تاک، بەوەی میوزیکزانان لەڕێگەی لایڤ میوزیکە کانیانەوە دەتوانن هەم هونەرەکەیان نمایش بکەن و هەم بڕێکی باش سامان و پارە کۆبکەنەوە و ژیانێکی باشتر بۆخۆیان فەراهەم بکەن، هەرچەندە ئەم پێشکەوتنەی بواری هونەر و میوزیک بەتایبەتی ئێستاش بەپێی ئەم ئاستە نییە کە ئێمەمانان چاوەڕێی دەکەین، بەڵام هەنگاوی باشی ناوە و لە داهاتوودا باشتریش دەبێت.

د. چیایی، لەبارەی ڕۆڵی ئافرەت له نێو دونیای میوزیك، دەڵێت:

ڕۆڵی ئافرەتان لە جیهانی میوزیکدا یەکێکە لە ڕۆڵە گرنگ و کاریگەرەکانی ڕێپێوانی ئەم هونەرە مەزنە، لە کۆنەوە ئافرەتان میوزیکیان داڕشتووە و پەرەیان پێداوە و گۆرانیبێژ و ئامێر ژەنێکی پێشەنگ بوون لە زۆر کولتووردا. لەجیهانی کوردەواریشدا ئافرەتان لە بواری گۆرانی گوتنی کوردیدا سەرکەوتوو بوون بۆ نموونە: ئایشەشان، بە یەکێک لەو ناوە بە ناوبانگانە دادەنرا.’