کۆمەڵەی هونەری وێژەی کورد، بە هەماهەنگیی پارێزگای هەولێر پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا (فواد ئەحمەد) لا درا.
بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەر پرسانی حیزبی و حکومی و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان و بنەماڵەی هونەرمەند پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد) لە دووڕێانی سافی نزیک زانکۆی کوردستان بە دروشمی “ئێمە کوردین نابەزین” لا درا.
ژەنیاری بەئەزموون مامۆستا (سەید ئەحمەد ڕەواندوزی) لە لێدوانێکدا بە خوێنەرانی (هەولێر)ـی ڕاگەیاند : ئەمڕۆ وەک وەفایەکی جوان و شایستە بۆ خەبات و بەخششە هونەرییە بەرزەکەی هونەرمەندێکی گەورەی کورد، کۆمەڵەی هونەری وێژەی کورد، بە هەماهەنگیی پارێزگای هەولێر توانییان پەیکەری هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا (فواد ئەحمەد) دروست بکەن و، ئەمڕۆش پەردەی لەسەر لا درا.
ڕەواندزی هونەرمەند لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی گوت: ئێمە وەکو تیپ و مۆسیقای سەتەلایەتی کوردستان چەند بەرهەمێکی مامۆستای هونەرمەند (فواد ئەحمەد)مان ئامادە کردبوو، لە ڕێگەی دەنگی هونەرمەند (محەمەد عەزیز و ئاڤان جەمال) پێشکەشی ئامادەبووانی ئەو مەراسیمە جوانەمان کرد.
لە کۆتاییدا هونەرمەند (سەید ئەحمەد رواندزی) ئەوەشی گوت: ئێمە گرنگە ڕێزی ئەو هونەرمەندانەی لە ژیان ماون، یان ئەوانەشی بەجێیان هێشتوین، لە یادیان نەکەین و ئاوا یادیان بکەینەوە، مامۆستا (فواد ئەحمەد) یەکێکە لە هونەرمەندە گەورانەی شایانی هەموو ڕێزێکە.
جێگەی ئاماژەیە هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد سلێمان) لەدایکبووی 1932ی گوندی عەوێنەی شاری هەولێرە، یەکێکە لە هونەرمەندە گۆرانیبێژەکانی کورد و لە 1955ـەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و تەواوی ژیانی بۆ خزمەتی هونەری کوردی تەرخان کردووە، خاوەنی دەیان کار و بەرهەمی گۆرانی نیشتمانی و ئەڤـیـنـانییـە
لە ساڵی 1955 کاتێک هونەرمەند ڕووی کردووەتە ئێزگەی کوردی بەغدا، یەکەم گۆرانییەک تۆماری کردبێت ناوی “نەورۆز”ی لێ ناوە؛ دوایی سەدان گۆرانیی دیکەیشی لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کوردی تۆمار کردووە.
ڕۆژی 17ـی ئابی ساڵی 2004، دوای تەمەنێک خزمەت، کۆچی دوایی کرد.