هونەرمەند بۆكان هەورامی چەند بەرهەمێكی نوێی ئامادەیە كە یەكێكیان هونەرمەند عەدنان كەریم ئاوازی بۆ داناوە و یەكێكی دیكەشیان گۆرانییەكی شادە بۆ جەژنی رەمەزان.
هونەرمەند بۆكان هەورامی كە ئاشقێكی زۆری گۆرانییەكی هونەرمەندی كۆچكردوو عەباس كەمەندییە و تائێستاش چەند گۆرانییەکی ئەو هونەرمەندەی وتۆتەوە، بەم دواییە گۆرانیی (باران)ـی وەك بەرهەمێكی تایبەت بە خۆی بڵاو كردەوە، ئەو بەرهەمە لە هۆنراوەی یەحیا بەرزنجی و ئاوازی مامۆستا برهان موفتیزادە و ئامادەكردنی موزیك ئەمیر رۆژهەڵاتییە و لەلایەن هەوادارانیەوە پێشوازییەكی باشی لێ كرا.
لەو بارەیەوە بۆكان هەورامی بە (هەولێر)ی راگەیاند “پێم خۆشە گۆرانیییەكە بە دڵی خەڵكە، چونكە خۆم رام لەسەری نەبوو بیڵێم، لەبەرئەوەی دەموت بۆم ناوترێت و لە دەنگی من نایەت، بەڵام مامۆستا برهان موفتیزادە هەڵیبژارد، وتی لەسەر ستایلێكی نوێ گۆرانی بڵێ، پێشوازیكردنی خەڵكیش زۆر باش بوو”.
بۆكان هەورامی ئاشكرای كرد، ئێستا سەرقاڵی چەند بەرهەمێكی نوێیە ئەوانیش، یەكێكیان هۆنراوەی خالید مەجید فەرەج و ئاوازی هونەرمەند عەدنان كەریمە و وتی “خۆم گوێگرێكی تایبەتی مامۆستا عەدنانم، ئاوازەكەشی وەك ستایلی بەرهەمەكانی خۆیەتی”.
بەرهەمێكی دیكەی بۆكان، گۆرانییەكی فۆلكلۆری هەورامییە و دەیەوێت بۆ جەژنی رەمەزانیش بەرهەمێكی شاد بڵاو بكاتەوە؛ دەڵێ: “لە پاڵ وتنی بەرهەمی خۆم، وتنەوەی گۆرانی فۆلكلۆریشم هەر دەبێت، بەڵام وەك ستایل، هەر كوردی دەبم”.
سەبارەت بە سازكردنی كۆنسێرتیش، بۆكان هەورامی دەڵێت “دەمەوێت چەند گۆرانییەكی نوێم هەبێت پاشان لەگەڵ گۆرانییەكان كە پێشتر وتومە كۆنسێرت ساز بكەم، بۆ لایڤ موزیكیش بەردەوامم و هەفتانە چەند شەوێك دەچمە لایڤ موزیك”.