کارۆخ ئیبراهیم حەکیم: بەشی سێیەمی درامای هەشت دیوار لە مانگی ڕەمەزاندا پەخش ناکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

دوای پێشکەشکردنی ٦٠ ئەڵقە درامای مێژوویی هەشت دیوار لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، له تۆڕی میدیایی کوردستان. دەرهێنەری دراماکە ڕایدەگەیەنێت: ئەم ڕەمەزانە بەشی سێیەمی ئەو درامایە نابێتە میوانی ماڵەکانتان.

“کارۆخ ئیبراهیم حەکیم” دەرهێنەری درامای هەشت دیوار لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە پێشکەشکردنی بەشێکی نوێ له زنجیرە دراماکەی، کە خەڵک چاوەڕوانیەتی دەڵێت: درامای هەشت دیوار کۆتایی نەهاتووە، بەڵام وەرزی سێیەمی هەشت دیوار ئەمساڵ ٢٠٢٥ لە مانگی رەمەزان میوانی ماڵەکانتان نیە، بەڵکو لە داهاتوو دەبێت لە کاتێکی جیاواز و لە شوێنێکی جیاوازیش بێت، مەرج نیە هەموو وەرزەکان وەکو فارگۆنی شەمەندەفەر لە دوای یەکتر بێن، وەستان و دابەزینیش حیکمەتی خۆی تێدایە، ئێمە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ بەرهەمێکی گەورەی هونەری، ئەوەش هۆکارێکیترە، کە هەشت دیوار وەرزی سێیەم نەبێت.
گوتیشی: دوو ساڵە پێشوازیەکی گەرمتان لێکردووین، سوپاستان دەکەین، وەرزی سێیەم باشتر و چاکتر و جیاوازتر دەردەکەوینەوە.
جێگەی باسە، هەشت دیوار، دەستەیەک لە هونەرمەندانی بە ئەزموونی وەک “ئیبراهیم حەکیم” و هونەرمەندی کۆچکردوو “زاهیر عەبدوڵا” و “عەبدولڕەزاق شەمسەدین” و سیروان عوسمان” و “سەوسەن سەعدون” و”شیرین سابیر” و “سوهام حەسەن” و “ئەیام ئەکرەم” و “بارزان سنجاوی” و “ڤانیا سالار” و غازی شینە” و چەند ئەکەرێکی نوێی وەک “دانیە قادر” و “هەڵگورد ئیبراهیم” تێیدا بەشدارن.