خانمە هونەرمەند (نەرمین كاوانی) لەڕێگەی كورتە فیلمێكەوە جارێكی دیكە دێتەوە بواری نواندن و كاری هونەریی.
كورتە فیلمی (فایلی یەك) لە نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانی خانمە هونەرمەندی لاو (سۆنیا جەلیل زەنگەیە)ـەو بە سپۆنسەری دەزگای كوردسات و بەهاوكاری نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا و بەشی فیلمسازی زانكۆی سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت.
هونەرمەند نەرمین كاوانی، یەكێكە لە ئەكتەرە دیارەكانی بواری نواندن، بەڵام ماوەیەكی زۆرە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە و وەرگرتنی چارەسەرەوە، لە كاری هونەریی دابڕاوە.
نەرمین كاوانی لە لێدوانێکی ـدا راگەیاند “لە خۆشەویستیم بۆ هونەر و دابڕانێكی زۆرم لە نواندن، هەروەها خراپی ئەو ئیشانەی دێنمە بەردەستم وایكرد لە هاتنەوەم بۆ كاری نواندن دوابكەوم”.
كاوانی ئاماژەی بەوەكرد ” بۆ ئەم كورتە فیلمە، كاتێك سیناریۆكەم خوێندەوە كارەكتەرەكەی خۆم زۆر لا گرنگ و جیاوازە، هەرچەندە نامەوێت لەئێستادا باسی ناوەڕۆكی كارە بكەم، جگە لەوەش خۆشەویستیم بۆ سۆنیا خان وایكرد جارێكی دیكە و لە كارێكی نوێدا ئامادە ببمەوە”.
سەبارەت بەوەی دوای ئەم بەرهەمە، چ بەرهەمێكی دیكەی بەدەستەوەیە، نەرمین كاوانی وتی “تائێستا هیچ كارێكی دیكەم ئامادە نییە، چونكە بەهۆی ئەو كارە خراپانەی دێنە بەردەستم، جارێكی دیكە جەخت لەوە دەكەمەوە كە دەمەوێت كارێك بكەم كە كارەكانی دیكە تێپەڕێنم، بەڵام لەئێستادا هونەریش وەك زۆربەی بوارەكانی دیكە لە قەیراندایە و ئەو كارانەی دێنە بەردەستم لە تموحی مندا نین”.
دەربارەی دۆخی تەندروستی خۆیشی، ناوبراو دەڵێت “ئێستا باری تەندروستیم باشە، بەڵام هەر دەرمان وەردەگرم، هیوادارم باشتریش بم تا بتوانم لە كاری هونەریی بەردەوام بم”.