شیڤان شێرزاد – هەولێر
بە ئامادەبوونی هەریەک لە “ئومێد خۆشناو”، پارێزگاری هەولێر و “فەرهەنگ غەفوور”، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەكی تر لە هونەرمەندان و رۆشنبیران و نووسەران، لە مەراسیمێکدا تۆڕی میدیایی کوردستان ئەلبوومێکی گۆرانییەكانی تیپی موزیكی “زیر و بەم”ی بۆ هۆگرانی میوزیک و گۆرانی کوردی بڵاوکردەوە.
لە مەراسیمەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، بە بۆنەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەیان پیرۆزبایی لە هونەرمەندانی تیپی میوزیکی “زیر و بەم” کرد و ئومێدی سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن و پاڵپشتی و هاوکاری پارێزگای هەولێری بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپاتکردەوە.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، تیشکی خستەسەر ڕۆڵی دیار و کاریگەری مێژوویی تیپی ناوبراو لە خزمەتکردنی هونەری کوردی و کارە هونەرییەکانیانی بەرز نرخاند.
پاشان لەلایەن پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوون و خزمەت و ئەزموون و بەخششی، خەڵاتی ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە هونەرمەندی دیاری و ناوداری موزیکی کوردی “وریا ئەحمەد” وەک دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری تیپەکە کرا.