شیڤان شێرزاد – هەولێر
بە ئامادەبوونی “ئومێد خۆشناو”، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان و ژمارەیەکی تر لە مامۆستایانی زانکۆ و هونەرمەند و هونەردۆستان و نووسەر و ڕۆشنبیران و کەس و کار و خانەوادەکەی، دەزگای کولتووری یاد بە هاماهەنگی گۆڤاری یەکەم چرا، لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو لە بارەگای لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە مەراسیمێکدا لەژێر ناونیشانی (چیڕۆکی ڕچەشکێنەکان) یادی هونەرمەند و پێشەنگ “جەواد ڕەسووڵ ناجی”ـیان بەرز ڕاگرت.
لە مەراسیمەکەدا پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا، وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەر و سەرپەرشتیارانی ڕێوڕەسمەکە، ستایشی خزمەتکردنی خوالێخۆشبوو “جەواد ڕەسووڵ ناجی” وەک مامۆستا و پەروەردەکارێک کرد و تیشکی خستەسەر ڕۆڵی مێژوویی ناوبرا لە پێشخستن و پەرەپێدانی شانۆی کوردی لە شاری هەولێر و خزمەت و کارە هونەرییەکانی بەرزنرخاند. پاشان خەڵاتی ڕێزلێنان و گوڵی وەفا پێشکەش بە خانەوادەکەی کرا.
جێگەی باسە، خوالێخۆشبوو “جەواد ڕەسووڵ ناجی” ساڵی 1922 لە گەڕەکی بایز ئاغا لە شاری کۆییە لە دایک بووە، ساڵی 1927 چۆتە قوتابخانە و لە ساڵی 1941 لە هەولێر قۆناغی ناوەندی تەواو کردووە و ساڵی 1944 بە مامۆستا دامەزراوە، جگە لە مامۆستا و پەروەردەکارێک پەیکەرتاش و دەرهێنەری شانۆیی و نەخشەکێش و ئەکتەر و دیکۆریستێکی بە توانا بووە، لە ساڵی 1931 بۆ یەکەم جار چۆتە سەر شانۆ و لە ڕەواندوز بەشداری لە شانۆگەرییەک کردووە، لە ساڵانی 1951 – 1952 چەندین شانۆگەریی دەرهێناوە و سەرپەرشتی پیشانگەیەکی گەورەی قوتابیانی کردووە.
ساڵی 1963 لەسەر هەڵوێستی نیشتمانی دەستگیر کراوە، ساڵی 1964 وانەی هونەری گوتووەتەوە لە خانەی مامۆستایانی هەولێر، لە ساڵی 1971 تووشی نەخۆشی بووە و، ڕێکەوتی ١١/١١/١٩٧٥ بە هۆی نەخۆشییەکەیەوە لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر لە ماڵەکەی خۆیدا کۆچی دوایی کردووە.